پارتی: بارزانی لەسەر داوای لایەنە سیاسییەکان سەردانی بەغدای کردووە
سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا عەلی حوسێن ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی، "لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا، حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا زۆربەیان سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و تەئکیدیان لە جەنابی بارزانی کردەوە کە سەردانی بەغدا بکات، رۆڵ و پێگەی ئەو لەسەر ئاستی هەرێم و نێودەوڵەتیش کاریگەریی خۆی هەیە.
شڵێت، "سەردانی بۆ بەغدا پەیامێکە بۆ هەموو عێراقییەکان کە دەمانەوێت گرفتەکانی نێوانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین و پەیامێکیش بوو کە ئێمە بەیەکەوە دەتوانین هاوکاری یەکتر بکەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی تەحەدیاتی ئایندە ببینەوە.
بە پێی راپۆرتی شارپرێس ، عەلی حوسێن گوتیشی: "لە بەغدا قەوارە سیاسییە جیاجیاکانی بینی لە شیعە، سوننە، تورکمان و ئەمەش بە سەردانێکی سەرکەوتوو وەسفکرا، دواتریش سەردانی ناوچەی کەنداو دەکات، بۆیە ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین کە رۆڵمان هەبێت لە عەمەلییەی سیاسیی لە عێراق، بەو رۆڵەش بتوانین گرفتەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەین، گوزەرانی خەڵک باشتر بکەین، دامەزراوەیی دەوڵەت لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین، دەست بکەین بە چاکسازی، بە دڵنیاییەوە ئەمەش بە حکوومەتێکی بەهێز دەکرێت و پێویستە یاسا لەسەرووی هەموویانەوە بێت.
عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها گوتی ، ئەمجارە لەسەر دوو بنەما بەشداریی بە لایەنەکان دەکرێت، بە دڵنیایییەوە سیستەمی پەنجا بە پەنجا نەما، هەموو لایەنەکانیش ئەو باوەڕەیان بۆ دروست بووە. دەشڵێت، "لایەنە سیاسییەکانی عێراق داوایان لە مەسعود بارزانی کردبوو سەردانی بەغدا بکات".
عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە بەئاشکرا و بەنهێنی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتیان تاوتوێکردووە، ئاشکرایشی دەکات کە سیستەمی پەنجا بە پەنجا پەیڕەو ناکرێت.
.