وشداری لە بارەی دۆخی نالەباری دانیشتوانی شەنگاڵ
ئەندامێکی بارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی رەوشی نالەباری 52 هەزار کەس لە دانیشتوانی شەنگاڵ و نەبوونی ئاسایش و راژەکاریی پێویست بۆ ئەوان ، وشداری دا و گوتی ئەم کەسانە پێویستیان بە هاوکاری خێرا هەیە .
بە پێی راپۆرتی کوردپرێس ، مەحما خەلیل فەرمانداری پێشوی شەنگاڵ لە دیمانەیەکدا لە گەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی ئێستاکە شەنگاڵ لە هەموو راژەکاریە پێویستەکان بێبەشە و هیچ راگەیشتنێک بۆ ئەم دەڤەرە نیە .
ئەندامەکەی پارتی وتیشی دوای کەوتنی شەنگاڵ دانیشتوانی ئاوارە بون و بە دوای ئازادکرانی ، 13 هەزار بنەماڵە بریتی لە 52 هەزار کەس ، گەڕانەوە بۆ ئەم ناوچەیە ، بەڵام ئەم کەسانە لە هەموو راژەکاریە بنەڕەتیەکان بێبەشن و لە دۆخێکی خراپ دان .
نابراو وشداری دا وەرزی سەرما گەیشتووە و هەموو رێگاکانی گەیاندنی فریاگوزاری و هاوکاری داخراون .
مەحما خەلیل وێڕای داوای هەنگاونانی بەپەلەی رێکخراوە و ناوەندە نیودەوڵەیتەکان ، دواجار گوتی جیا لە دانیشتوانی شەنگاڵ ئێستاکە سێ هەزار کەس لە کوردانی ئێزدی لە چیای شەنگاڵ ماونەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان .