بەرپاکرانی پێشانگای تایبەتی توانای زانکۆکانی ئێران لە هەولێر
پێشانگای توانای زانکۆکانی ئێران لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر بەئامادەبوونی وەزیری زانست و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و نوێنەرانی زانکۆکانی ئێران بەرپا کرا.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "مورتەزا عیبادی" سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕێوڕەسمی بەرپاکرانی پێشانگای توانای زانکۆکانی ئێران لە زانکۆی سەلاحەدین، وتی: ئێران سەرباری چوار دەیە گەمارۆ، خاوەن٢٤٠٠زانکۆ و زیاتر لە پێنج ملوێن خوێندکارە.
عیبادی وتی: ژمارێکی زۆر لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئێران لە پێشانگای توانای زانکۆکانی ئێران لەهەولێر ئامادەبوون کە پێشاندەری ئیرادەی جیددی ئێران بۆ پێشکەوتن و پەرەی پەیوەندییە زانستییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقە.
"ئەحمەد دزەیی" سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدینی هەولێریش بەدەربڕینی خۆشحاڵی لەمەڕ بەرپاکرانی پێشانگای توانای زانکۆکانی ئێران لە هەولێر وتی: ئەو پێشانگایە بەئامانجی ئاشنابوون لەگەڵ توانای زانستی و فەرهەنگیی زانکۆکانی ئێران بەڕێوە چووەو دەتوانێ هەنگاوێکی گرینگ بێ لەپێناو پەرەی پەیوەندییە زانستی و فەرهەنگییە دوو قۆڵییەکان.
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە دەربڕینی خۆشحاڵی لەمەڕ پێشکەوتنە زانستیەکانی ئێران لەبواری زانکۆدا، هیوای خواست، ئەو توانایانە بۆ ناوچەی کوردستانی عێراقیش بگوێزرێنەوە.
پێشانگای توانای زانکۆکانی ئێران کە بەئامادەبوونی زیاتر لە پەنجا کەس لە نوێنەرانی زانکۆکانی ئێران لەهەولێر بەڕێوە دەچێ، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر بەردەوام دەبێ.