زیانی نۆ ملوێن دۆلاریی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەبەر ئابلۆقەی تورکیا
بایکۆت و ئابلۆقەی تورکیا لەدژ پارێزگای سلێمانی و ڕاگیرانی گەشتی نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی تائێستا نۆ ملوێن دۆلار زیانی لەو فڕۆکەخانە داوە.
بهپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، حکومەتی تورکیا لە ئۆکتۆبری ٢٠١٧ـەوە بەتۆمەتبارکردنی بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە ئیدارەی ئەو پارێزگایەی لەدەستدایە، بەهاوکاری لەگەڵ پەکەکە، دەستی کرد بە گەمارۆدانی سلێمانی و گشت گەشتەکانی نێوان تورکیاو فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرت و ڕێگە نادا گەشتەکان بەرەو سلێمانی لەئاسمانی ئەو وڵاتەوە ئەنجام بگرێ.
کەناڵی "کەی ئێن ئێن" لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ئەو گەمارۆیە ڕۆژانە بیست هەزار دۆلار زیانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بەدواوە بووەو لە ماوەی پانزە مانگی ڕابردووش ئەو زیانە دراڤییە گەیشتووەتە نۆ ملوێن دۆلار.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی تورکیا ڕایگەیاندووە، ئەو بایکۆت وگەمارۆیەی بۆ سێ مانگی دیکەش درێژ کردۆتەوەو ئەوەش بووەتە هۆی کەمکردنی سەتا شەستی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی هەواڵی "کەی ئێن ئێن" تێچووی مانگانەی ئەو فڕۆکەخانە یەک ملوێن دۆلار بووەو بە درێژکرانەوەی گەمارۆی تورکیا لەدژ سلێمانی داهاتەکانی فڕۆکەخانەکە کەمی کردووەو ناتوانێ ئەو بڕەپارەیە دابین بکات.
ئەو کردەی تورکیا هەروەها زیانی لە کەرتی ئابووریی سلێمانی داوەو١٢٠ نووسینگەی نوێنەرایەتی کۆمپانیاو دامەزراوە ئابوریەکان و چل وپێنج کۆمپانیای گەشتیاری، پێنج کۆمپانیای فڕۆکەوانی لە سلێمانی کە لەبواری تیجارەت لەگەڵ تورکیادا چالاکن، سەتا شەستی مامەڵەکانیان لەدەست داوەو زیاتر لە دە کۆمپانیاو نووسینگەی نوێنەرایەتیش هەر بەو هۆیەوە، داخراون.