وتووێژی بارزانی و نوێنەری ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا
لە دیداری نێوان سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە عێراق، لە سەر پێویستیی چارەسەرکرانی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا لە ڕێگای یاساییەوە پێداگری کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ھینیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە عێراق دا دیدارو وتووێژی کرد.
ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عێراق لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە کەڕەوشت وگۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و تۆکمەکرانی کابینەی دەوڵەتی تازەی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا، بابەتی سەرەکی وتووێژەکانی ئەم دیدارە بووەو ھەردووک لا لە سەر پێویستیی چارەسەر کرانی ناکۆکییەکانی ھەرێم و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی وڵات جەختیان کردووە.
ھەروەھا لەم دیدارەدا ھاواھەنگیی نێوان ھەولێرو بەغدا بە تایبەت لە بارەی دابین کردنی ئاسایشتی ناوچە کێشە لە سەرەکان بە پێویست زانراو پلاسخارت خوازیاری ھاواھەنگی و ھاریکاریی زیاتری نێوان ڕێکخراوەی نەتەوەکان و ھەرێمی کوردستان بوو.