وشداریی لەمەڕ کارتێکەریی هەناردەی گازی هەرێمی کوردستان لەسەر پەیوەندیی هەولێر-بەغدا
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i356884-وشداریی_لەمەڕ_کارتێکەریی_هەناردەی_گازی_هەرێمی_کوردستان_لەسەر_پەیوەندیی_هەولێر_بەغدا
ئەندامی کۆمیسیۆنی وزەو نەوت وگازی پەرلەمانی عێراق وشداریی دا، بێتوو لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن نەکرێ، دەسپێکرانی هەناردەی گازی هەرێمی کورستان، دەکرێ ببێتە کێشەیەکی جیددی لەپەیوەندیی نێوان دوولایەندا.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
شوبات 01, 2019 13:19 Asia/Tehran
  • وشداریی لەمەڕ کارتێکەریی هەناردەی گازی هەرێمی کوردستان لەسەر پەیوەندیی هەولێر-بەغدا

ئەندامی کۆمیسیۆنی وزەو نەوت وگازی پەرلەمانی عێراق وشداریی دا، بێتوو لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن نەکرێ، دەسپێکرانی هەناردەی گازی هەرێمی کورستان، دەکرێ ببێتە کێشەیەکی جیددی لەپەیوەندیی نێوان دوولایەندا.

"ئارام ناجی" لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی ئێس ئێن ئێندا ڕایگەیاند کە لە یاسای بودجەی٢٠١٩ی عێراقدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان دەبێ بۆ وەرگرتنی بەشەبودجەی خۆی، رۆژانە٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکا، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نەکراوە بە هەناردەکرانی گازی هەرێم و ڕێکارەکانی.

ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی وزەو نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق وتیشی، بۆیە هەناردەکرانی گازی هەرێم گرێدراودەبێ بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداو بێتوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراق لەسەری ڕێک نەکەون، دەکرێ ببێتە کێشەو گرفتێکی جیددی لەنێوان دوولایەندا.

ناوبراو هەروەها وتی کە ئێستا نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی عێراقیش هیچ زانیاریەکی وردیان لەدەستدانییە لەمەڕ هەناردەی گازی سروشتیی هەرێم کە بڕیارە بەزوویی دەس پێ بکرێ و ژمارێک لەوان حکومەتی هەرێمیان لەوبارەوە داوەتە بەر ڕەخنەو گازندەو خوازیاری ڕوونکردنەوە لەبارەی هەناردەی گاز ونەوتی هەرێم و دەسوەردانی حکومەتی عێراق لەوبارەوە بوون و ئەوەش دەتوانێ کێشەوگرفت بۆ هەولێر سازبکات.