پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i358270-پەرلەمانی_ھەرێمی_کوردستان_لیژنەی_یاسایی_هەڵبژارد
پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد و یەکگرتووی ئیسلامی لە لیژنەکەدا نیە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
شوبات 26, 2019 09:53 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد

پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد و یەکگرتووی ئیسلامی لە لیژنەکەدا نیە.

بە پێی راپۆرتی سپی میدیا ، لە کۆبونەوەی ئەمرۆی پەرلەماندا و بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران لیژنەی یاسایی کە لە ١١ ئەندام پێکدێت هەڵبژێردرا و بەم جۆرە بەسەر فراکسیۆنەکاندا دابەشکراون، پارتی و سۆسیالیست چوار ئەندام، یەکێتی دوو ئەندام، گۆڕان یەک ئەندام، نەوەی نوێ یەک ئەندام، کۆمەڵ یەک ئەندام، پێکهاتەکان دوو ئەندامیان لە لیژنەی یاسایی هەیە.

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، تا ئێستا یەکێتی ناوی ئەندامەکانی بۆ لیژنەی یاسایی پێشکەش نەکردووە، هاوکات هەر لە کۆبوونەوەکەدا مونا قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ناوی ئەندامانی لیژنەی یاسایی خوێندەوە کە لەمانە پێکدێت.

لە فراکسیۆنی پارتی و سۆسیالست، سەلام عبدوڵا حەسەن ڕەسوڵ، خەدیجە عومەر، ئەرشەد حسێن، بژارخالید.

فراکسیۆنی یەکێتی لە دوو ئەندام پێک دێت، بەڵام تائێستا ئەندامەکانیان دیاری نەکردووە و لە فراکسیۆنی گۆڕان جەلال محەمەد، لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ کاوە عەبدولقادر، لە فراکسیۆنی کۆمەڵیش رووپاک ئەحمەد.

هاوکات لە پێکهاتەی مەسیحی ڕۆبینە مەلاک عەزیز، لە پێکهاتەکانی  تورکمانیش سارا دڵشاد ئەبوبکر مەولودە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ و بەهۆی بێبەش کردنیان لە لیژنەی یاسایی د.شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێمە ڕازینین بەو ئەنجامەو ئەنجامی دەنگدان بە لیژنەی یاسایی پەرلەمان ڕەتدەکەینەوە.

هەروەها ووتیشی: ئێمە ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و کاریگەر دەبین و سورین لەسەر بەرگریکردن لە هاوڵاتیان و مافەکانیان و ئەو هەڵوێستانە ساردمان ناکاتەوە لە هەوڵەکانمان.