داعش پەنجا کیژی کوردی ئێزدی سەربڕیوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i358386-داعش_پەنجا_کیژی_کوردی_ئێزدی_سەربڕیوە
وتەبێژی هێزەکانی کورد لە شنگال ڕایگەیاند کە دەس و پێوەندییەکانی داعش، دەستیان کردووە بە سەربڕینی پەنجا کچی ئێزدیی دیلی ئەو گرووپە لە سوریا.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
شوبات 28, 2019 08:12 Asia/Tehran
  • داعش پەنجا کیژی کوردی ئێزدی سەربڕیوە

وتەبێژی هێزەکانی کورد لە شنگال ڕایگەیاند کە دەس و پێوەندییەکانی داعش، دەستیان کردووە بە سەربڕینی پەنجا کچی ئێزدیی دیلی ئەو گرووپە لە سوریا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان، "لوقمان گولی" لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند کە دەس وپێوەندییەکانی داعش لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەناوچەی باغۆزی سوریا، تاوانی زۆریان ئەنجام داوەو دەستیان داوەتە سەربڕینی پەنجا کچی ئێزدی کە لە ساڵی٢٠١٤وە تائێستا لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون و بەدیل گیراون.

وتەبێژی هێزەکانی کوردی شنگالی، داوای لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژەداعش و بەتایبەت ئەمریکا کرد چارەنووسی قوربانیانی تاوانکارییەکانی داعش لە ناوچەکانی بندەستی ئەو گرووپە دیاری بکەن و لەکەمترین کاتدا بۆ ئازادکرانی دیلەکانی دەست داعش، هەوڵ بدەن.

ناوبراو هەروەها داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد، بەرپرسایەتی خۆی لەمەڕ داکۆکی کردن و پاراستنی گیانی شارومەندانی ئەو وڵاتە بگرێتەئەستۆ و لەڕێی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی، هەوڵ وهەنگاوی پێویست هەڵبگرێ بۆ ئازادکرانی ژنان وکچان ومنداڵانی ئێزدیی دیلکراوی دەست داعش.

هەروەها ناوبراو وتی کە پێویستە ڕێکخراوە جیهانییەکان ونوێنەرانی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستانیش بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ڕفێندراوانی ئێزدی و دۆزینەوەیان لەعێراق و سوریا، هەوڵ بدەن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانکارییانەش سزا بدەن.

پێشتر ژمارێک میدیای ئوروپایی ڕاپۆریان دا کە هێزە ئینگلیزیەکانی هاوپەیمانیی بەناو نێودەوڵەتی دژ بەداعش پاش ڕزگارکرانی ناوچەیەکی باغۆز لە سوریا، لەگەڵ سەری بڕدراوی پەنجا کچی ئێزدی بەرەوڕووبوون کە پێشتر بەدەست داعش دیل کراون و لەلایەن ئەو گرووپەو لە کردەیەکی تۆڵەکەرەوانەدا و لەکاردانەوە بە شکست هێنانەکانی ئەم دواییەی داعش سەریان بڕدراوە.

داعش لە ساڵی٢٠١٤ ـەوە هێرشی کردەسەر شنگال و وێڕای قەڵاچۆی بەرفراوانی کوردانی ئێزدی دەستی دایە رفاندن و بەکۆیلەگرتنی زیاتر لە شەش هەزار ژن، کچ و منداڵی ئێزدی و بەپێی ئامارە ڕاگەیێندراوکان لەلایەن دەم ودەزگە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ، تائێستا زیاتر لە سێ هەزار کەسیان هێشتا لەچنگ داعشدا یەخسیرن.