هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکانی پەرلەمان
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی عێراق دانیشتنێکی بەئامادەبوونی سەرۆک فراکسیۆنی پارتە جیاجیاکان، بەمەبەستی تاووتوێی ڕێگاکانی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکانی پەرلەمان بەڕێوە برد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "عەبدوسەتار مەجید" سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، دانیشتنێکی لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەڕێوە بردووە.
ناوبراو وتی کە لەو دانیشتنەدا، ڕێگاکانی پێکهێنانی کۆمیسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمان خراوەتەبەر باس و لێکدانەوەو لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کراوە کە هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، لە پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکاندا هاوبەش بن.
پێشتر پەرلەمانی کوردستانی عێراق، دانیشتنێکی بێ ئامادەبوونی یەکێتی نیشتمانی، بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنی مافەوانیی پەرلەمان بەڕێوەبردو جارێ کۆمیسیۆنە جۆربەجۆرەکانی پەرلەمان پێک نەهاتووە.
لەلایەکی دیکەوە بڕیارە پرۆسەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکانی پەرلەمان لە دانیشتنێکدا کە رۆژی هەینیی داهاتوو بەڕێوە دەچێ، ئەنجام بگرێ و وەرزی یەکەمی چالاکییە یاسایی و فەرمییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەس پێ بکرێ.