رێککەوتنی یەکیەتی نیشتمانی و و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانی عێراق
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i358597-رێککەوتنی_یەکیەتی_نیشتمانی_و_و_کۆمەڵی_ئیسلامی_کوردستانی_عێراق
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان رێککەوتنێکى سیاسى ئەنجامدەدەن لەسەر چۆنیەتى بەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئادار 04, 2019 07:32 Asia/Tehran
  • رێککەوتنی یەکیەتی نیشتمانی و و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانی عێراق

یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان رێککەوتنێکى سیاسى ئەنجامدەدەن لەسەر چۆنیەتى بەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان.

بەپێی راپۆری ماڵپەڕی خەندان ، رۆژی یەکشەممە لە هەولێر وەفدێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى سەردانى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستانى کردو لەگەڵ عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى و ئەنجومەنى سیاسى ئەو حزبە کۆبونەوە.

دوای کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە بۆ هەریەک لە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتى و عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنى سیاسى کۆمەڵ سازکرابوو، پیرە رایگەیاند: "بەباوەڕی تەواو بەوەی بەبێ رێزگرتن لەئیرادەی یەکتر ناتوانین هیچ بکەین و  بە رێزگرتن لەیەکتر دەتوانین بەسەر کێشەکانماندا زاڵ ببین  ، کۆبووینەوە".

سەعدى پیرە وتیشی: "سوپاسی مامۆستا عەلی باپیر و هەڤاڵانی دەکەین لەو هەڵوێستە جوانانەی کە لە دوای 18ی مانگ لە کۆبونەوەکاندا نواندییان، زەرورەتى یەکڕیزی نەتەوەکەمان عاملی سەرکەوتنمانە بەسەر هەموو کێشەکاندا، پێویستە دامەزراوە رەسمییەکان دامەزراوەی نیشتیمانی بن، دامەزراوى حزبى نەبن، نابێت لە کێشەى نێوان لایەنە سیاسیەکان دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان ببنە بەشێک لەو کێشانە".

ئەوەشى خستەرو کە "دەبێت مانیفێستێک دروست بکرێت لە چوارچێوەى پێکەوە ئیشکردنى لایەنە سیاسییەکاندا بێت بۆ حوکمڕانییەکى رەشید نەک بۆ حوکمڕانییەکى تەسک بینى تاک لایەنە".

لاى خۆشیەوە عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنى سیاسى کۆمەڵى ئیسلامى رایگەیاند: "پێشوازیکردنمان لە وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمەبەستی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان بوو بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی زیاتر بەخەڵکی هەرێمی کوردستان".

راشیگەیاند: "باسمان لەوەکرد کە لەسەر پرۆژەیەک یان کۆمەڵێک بنەما رێکبکەوین کە شێوازی حکومڕانی ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەببرێت و چۆن تەباییەک دروستبکەین کە روبەروی هەمو کێشەکان ببینەوە بەهەموو جۆرەکانییەوە، وە پێمانباشبوە کە رێککەوتنێکی فراوان لەچوارچێوەى میساقێکدا لەگەڵ هەمو لایەنەکان ئەنجامبدرێت بۆ بەڕێوەبردنى ئەم وڵاتە".