شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەت ئازاد دەکرێت
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i358603-شاسوار_عەبدولواحید_بە_کەفالەت_ئازاد_دەکرێت
پارێزەرەکەى شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، دادگای سلێمانی بڕیاری داوە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە کەفالەت ئازادبکرێت.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئادار 04, 2019 11:44 Asia/Tehran
  •  شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەت ئازاد دەکرێت

پارێزەرەکەى شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، دادگای سلێمانی بڕیاری داوە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە کەفالەت ئازادبکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە، پارێزەرەکەى شاسوار عەبدولواحید بە میدیاکانی نزیک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێی راگەیاندووە: دادگای سلێمانی بڕیاری داوە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە کەفالەت ئازادبکرێت.

دوێنێ یەکشەممە عومه‌ر ئه‌حمه‌د وته‌بێژى دادگاى سلێمانى رایگەیاندبوو کە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەلایەن پۆلیس و ئاسایشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی و هێڵێکی فڕۆکەوانی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە و بەهۆیەوە بۆ ماوەی ٢٤ کاژێر راگیردراوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردبوو کە، "له‌ ماوه‌ى رابردودا شاسوار عه‌بدولواحید له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى سلێمانى له‌گه‌ڵ کارمه‌ندانى ئاسایشت و پۆلیس توشى دەمەقڕە بووه‌و سوکایه‌تى کردووه‌ به‌ کارمه‌ندانى فڕۆکه‌خانه‌کە و کارمه‌ندێکى هێڵى ئاسمانى، بۆیە سکاڵاى یاساییان له‌سه‌ر تۆمارکردووه‌".

وته‌بێژى دادگاى سلێمانى راشیگەیاند، "شاسوار عه‌بدولواحید بەپێی ماددەی ٢٢٩لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە بێڕێزیکردن بە کارمەندی دەوڵەت و دووەمیش بەپێی ماددەی ٤٣٤ لە یاسای سزادانی عێراق کە کارمەندی یەکێک لە کۆمپانیاکان سکاڵای تۆمارکردووە ، دەستگیرکراوە". 

دادگای شاری سلێمانی ڕۆژی یەکشەمە بۆ شاسوار عەبدولواحید ڕێبەری  جوڵانەوەی بەرەی نوێ بڕیاری گرتنی دەرکرد .  

ھەر ئەمڕۆ هاوپەیمانێتی ئیسڵاح و بنیاتنانیش سەبارەت بە دەستگیرکرانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جۆڵانەوەى نەوەى نوێ رایگەیاندبوو کە، هاوپەیمانێتی ئیسڵاح رێزی خۆی بۆ رێکارە یاسایی و دەستورییەکان رادەگەیەنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا بە سەرسوڕمانی زۆرەوە دەڕوانێتە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کۆمەڵێک لە ئەندامان و بەرپرسانی ئەو جوڵانەوەیە .

هاوپەیمانێتی ئیسڵاح و بنیاتنان جەختی کردووە کە شاسوار عەبدولواحید لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتیەکەیان دێتە ئەژمارو ھەر بۆیە لە گیرانی ناوبراو تووشی سەرسوڕمان ھاتوون.

جێگای ئاماژەیە کە هاوپەیمانێتی ئیسڵاح و  بنیاتنان کۆمەڵێک لەهێزە سیاسییە بنەڕەتییە نیشتمانییەکانی عێراق لەخۆدەگرێت کە دیارترینیان هاوپەیمانێتی نەسری حەیدەر عەبادی و نیشتمانیی ئەیاد عەلاوی و سائیرونی سەدر و ڕەوتی حیکمەی عەممار حەکیمە و نەوەی نوێش یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە.