ھەولێر ڕادەست کردنی نەوت بە بەغدای دەست پێ کرد
نوێنەری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق، بە پێی یاسای بوجەی ٢٠١٩ی ئەم وڵاتە ڕادەست کردنی نەوتی خۆی بە دەوڵەتی ناوەندیی عێراقی دەست پێ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،بلێسە جەبار فەرمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پەیجە تایبەتیەکەی لە فەیسبووک دا ڕایگەیاندووە:حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە چەند ڕۆژ لەمەبەرەوە بە شێوەی فەرمی بە پێی یاسای بوجەی ٢٠١٩ی ئەم وڵاتە ڕادەست کردنی نەوتی خۆی بە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەست پێ کردووەو لەم ئاراستەیەش دا نەوتی ھەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای نیشتیمانیی فرۆشتنی نەوتی عێراق ناسراو بە«سۆمۆ» دەفرۆشرێت.
ئەم نوێنەرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق،وتووشیەتی: لە یاسای بوجەی ٢٠١٩ی عێراق دا پێ لە سەر ئەوە داگیراوە کە پشکی بوجەی ھەرێمی کوردستان لە ھەمبەر ڕادەست کرانی لە ڕۆژێکدا ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا دەدرێت و لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا سەرباری ڕاپەڕێندرانی یاسای بوجە و دانی موچەی کارمەندانی ھەرێم لە بلایەن بەغداوە ، کەچی حکوومەتی هەرێم تا ئێستا یەک تەنەکە نەوتیشی ڕادەستی بەغدا نەکردووە و هەر ئەوەش دەبێتە مەترسی بۆ ئەوەی مووچەی بە پاشەکەوت بگەڕێتەوە چوونکە مەرجی ناردنی بودجە لە بەغداوە ئەوەیە کە هەولێر ڕۆژانە ٢٥٠هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات.
بلێسە جەبار فەرمان جەختیشی کردووە:ڕاستە بەیاسا مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بودجەی ٢٠١٩ جێگیرکراون و لە یاسادا باسی ئەوە کراوە کە دانی موچەی کارمەندان پەیوەندیی بە ڕادەست کرانی نەوت بە بەغداو ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ھەولێرو بەغداوە نییە، بەڵام دیارە ئەگەر ڕادەست نەکرانی نەوتی ھەرێم بە بەغدا بەردەوام بایە، بەغداش دەیتوانی لە ڕێگای یاساوە ناردنی موچە ڕابگرێت، ھەر بۆیە دەبێ ھەردووک لا پێبەندی یاساو بەڵێنەکانیان بن.
دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینییەوە بوجەی ھەرێم و موچەی کارمەندانی ھەرێمی کوردستانی ڕاگرت و ئەم بارەتەش لە پاڵ قەیرانی ئابووری، دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی داعش و ھاتنی نزیکەی دوو ملوێن ئاوارەی شەڕ بۆ ھەرێم بووە ھۆی ئەوەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٦ دا میکانیزمی پاشەکەوتی موچە لە ھەرێم بەڕێوەبەرێت کە بە گوێرەیەوە موچەی تەواوی کارمەندان و موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە نیوەچڵی دەدرا.