لێکدانەوەی پرۆژەیاسای چاکسازی لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i360023-لێکدانەوەی_پرۆژەیاسای_چاکسازی_لە_یاسای_سەرۆکایەتیی_هەرێمی_کوردستان_لە_پەرلەمان
پەرلەمانی کوردستان وێڕای نەیارەتی کردنی ژمارێک لە فراکسیۆنەکان، کۆبوونەوەی لێکدانەوەی پرۆژەیاسای چاکسازی لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی بەڕێوە برد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئادار 31, 2019 04:00 Asia/Tehran
  • لێکدانەوەی پرۆژەیاسای چاکسازی لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان

پەرلەمانی کوردستان وێڕای نەیارەتی کردنی ژمارێک لە فراکسیۆنەکان، کۆبوونەوەی لێکدانەوەی پرۆژەیاسای چاکسازی لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی بەڕێوە برد.

بە پێی راپۆرتی کوردپرێس بە گێرانەوە لە ئن. ئار.تی؛ ڕۆژی شەممە ١٠ی خاکەلێوە/٣٠ی مارس، پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا پرۆژەیاسای پێشنیاریی پارتی دیموکرات (پارتی) و بزووتنەوەی گۆڕانی خستە بەر باس و لێکدانەوە.

فراکسیۆنەکاکنی پارتەکانی بەرەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی، بە ڕەخنە لە چۆنیەتی ئاراستە کرانی ئەو پرۆژەیاسایە بە لێژنەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئاراستە نەکرانی پرۆژەیاسای پێشنیاریی ئەم پارتانە لەم بارەوە، کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەیان بایکۆت کرد و پێش کۆتایی هاتنی کۆبوونەوە، پەرلەمانیان بەجێ هێشت.

لە لایەکی دیکەوە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیش لەبەر ئەوەی کە هێشتا لەگەڵ پارتی دیموکرات لە سەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و دابەش کردنی پۆستەکان و مەسەلەی کەرکووک نەگەیشتوونەتە تەبایی، لەو کۆبوونەوەیە و هەروەها کۆبوونەوەکانی دیکەی پەرلەمان بەشداریی نەکردووە.

فراکسیۆنی بەرەی نوێیش لە پرێس کۆنفرانسێکدا لێژنەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تۆمەتبار کرد بە بنپێ کردنی یاسا و ڕێساکان و جاڕنامەی ناوخۆیی پەرلەمان لەبەر لێک نەدانەوەی پرۆژەیاسای پێشنیاریی ئەم پارتە.

هەروەها فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیش جەختی کرد کە پێویستە پێش لێکدرانەوەی پرۆژەیاسای چاکسازی لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پارتەکانی هەرێم سەبارەت بەو مەسەلەیە بگەنە تەبایی.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیش جەختی کرد کە لێژنەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە وەرگرتنی پرۆژەیاسای چاکسازی لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، بێ لایەنانە جوڵاوەتەوە و هێشتا دەرفەت ماوە بۆ گەیشتنە تەبایی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە سەر ئەم یاسایە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خاکەلێوە/ ٢٨ی مارس، پرۆژەیاسای پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە چاکسازی لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، بریتی لە سێ بەشی سەرەکیی چالاک کردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم، گەڕاندنەوەوەی دەسەڵاتە یاساییەکانی ئەم پۆستە و هەروەها دیاری کردنی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، بە واژۆی ٦٨ نوێنەر ئاراستەی لێژنەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرا.

پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە و هەر لە دەسپێکی دانرانیدا لە دەستی مەسعوود بارزانی ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق بووە و ناوبراو لە دواڕۆژانی ساڵی ٢٠١٧ لەو پۆستە کشایەوە و دەسەڵاتەکانی گواستەوە بۆ سەرۆک وەزیران، پەرلەمان و دەزگەی دادی هەرێم.