پێداگریی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق لە سەر پێوەندیی پتەو لەگەڵ ئێران
یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق ڕایگەیاند: وێرای بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ بە تیرۆریستی ڕاگەیاندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، پێوەندییەکانی ئەم پارتە کوردە ئێراقییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر پتەو دەمێنێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی ئیرنا؛ "ڕەشاد گەڵاڵی" ئەندامی باڵای یەکێتی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی بەغدادولیەوم وتی: پێوەندییەکانی ئەم پارتە لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە چوارچێوی هەڵوێستی فەرمیی بەغدا دەبێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئێراق ئەمدواییە ڕایگەیاند: بڕیاری دەوڵەتی ئەمریکا لەمەڕ بە تیرۆریستی ڕاگەیاندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە سوودی ناوچەکە نییە.
ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە لە بڕیارێکی دوژمنکارانەدا سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی خستە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی خۆیەوە، لە کاتێکدا کە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەورێکی بنەرەتی لە شەڕی دژه بە گرووپە تیرۆریستییەکانی داکۆکی کراوە لە لایەن ئەمریکاوە لە ناوچەکەدا گێڕاوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی نێو ئێراق و سووریا بە داخوازی فەرمیی خودی ئەم وڵاتانە یارمەتی ڕاوێژکارییان دەدات؛ کردەوەیەک بە هیچ لەونێ دڵخوازی "ترەمپ" نییە.
ئەو کردەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ئەم وڵاتە بە خۆوەردانی ڕاستەوخۆ و داگیر کردنی ژمارێک وڵاتی ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا، بووە هۆی سەرهەڵدان و چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک ئەلقاعیدە و پاشان داعش.