بەشداریی هونەرمەندانی ئێرانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆنۆدرامای هەولێر
بڕیارە رۆژانی ٢١تاوەکو ٢٥ی نیسان، چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆنۆدراما لە هەولێر بە بەشداری دە گروپی شانۆیی مۆنۆدراما لەسەرئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئێران بەڕێوەبچێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هیوا سوعاد، بەڕێوبەری شانۆی هەولێر بە ئێن ئاڕتی راگەیاند: هەفتەی داهاتوو بە بەشداری ١٠ گروپی شانۆی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی وڵاتانی مەغریب ، ئوردن، میسڕ، عوممان و ئێران چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆنۆدرامای هەولێر دەست پێدەکات.
وتیشی: لە ناوخۆی عێراق گروپی شانۆیی شارەکانی بەغدا و هەولێر و دهۆک و سلێمانی ئامادە دەبن، لە ڤێستیڤاڵەکەدا چەندین سمینار و بابەتی رەخنەیی پێشکەشدەکرێت، ئەوەش بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی هونەری شانۆی مۆنۆدراما لە هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکرد کە ئەمساڵ ١٠ شانۆی مۆنۆدراما پێشکەش دەکریت و لە کۆتایدا خەڵاتی باشترین ئەکتەرەکان دەکرێت.
مۆنۆدراما بەواتای شانۆگەری تاک دێت کە تێیدا تەنیا یەک ئەکتەر رۆڵ دەبینێت، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان خولی چوارەمی فێستیڤاڵەکەیە و لە ساڵی ٢٠١٦وە وەک نەریتێکی ساڵانە لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.