عەبدولمەهدی: پەیوەندییەکانی بەغدا و هه‌رێم لە باشترین حاڵەتدایە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i361858-عەبدولمەهدی_پەیوەندییەکانی_بەغدا_و_هه_رێم_لە_باشترین_حاڵەتدایە
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر کراون و لە باشترین حاڵەتدایە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 03, 2019 17:01 Asia/Tehran
  • عەبدولمەهدی: پەیوەندییەکانی بەغدا و هه‌رێم لە باشترین حاڵەتدایە

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر کراون و لە باشترین حاڵەتدایە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس، سەرۆک وەزیرانی عیراق دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لە باشترین حاڵەتدایە، بەڵام ئەوەش بە مانای ئەوە نییە کە ناکۆکی و جیاوازی نییە لە بیرو بۆچوونەکاندا.

به پێی راپۆرتی وێستگە نێوز ، سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ناکۆکیانەش خراونەتە چوارچێوەی چارەسەرکردنەکانەوە.عادل عەبدولمەهدی جەختیکردەوە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە دەتوانن بگەنە چارەسەری گونجاو لەسەر کێشەکانی شنگال و نەینەوا و دۆسیەی نەوت.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بابەتی دەروازە سنورییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن و بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی 1990وە لە سەرانسەری عیراقدا کار بە یەک تاریفەی گومرک دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی 3ی ئایاری 2019، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا و لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی فەرەنسادا کۆبۆوە.

لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، رۆژی چوارشەممە 1ی ئایاری 2019، سەرۆک وەزیرانی عیراق گەیشتە ئەڵمانیا و لەگەڵ کۆمپانیای سیمنیسی ئەڵمانی بە بڕی 14 ملیار دۆلار رێککەوتنێکی چوارچێوەی کارکردنیان ئیمزاکردووە بە تایبەت لە بواری کارەبا و وزەدا.