دیاریکرانی کاتی مۆرکرانی ڕێککەوتننامەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانی عێراق
ئەندامی ئەنجومەنی ڕێبەریی یەکێتی نیشتمانیی ڕایگەیاند کە ڕێککەوتننامەی نێوان ئەو پارتەو پارتی دیموکرات سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، سبەی مۆر دەکرێ.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس ، "مستەفا چاوڕەش" لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی کوردستان٢٤دا ڕایگەیاند کە سبەی یەکشەممە ١٥ی گوڵان شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی ئەو پارتە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکاو دانیشتنی یەکجاریی لەگەڵ مەکتەب سیاسیی یەکێتی بەڕێوە دەبا.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی یەکێتی وتی کە لەو دانیشتنەدا ڕێککەوتننامەی یەکجاریی نێوان دوو لایەن سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان مۆر دەکرێ.
هەروەها ئاماژەشی بەوە کرد کە شاندی پارتی دانیشتنێکیشی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا، ساز دەدا.
ئەوە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیی پەرلەمانیی کوردستاندا تێپەڕیوەو پارتی، یەکێتی و گۆڕان، لەبەر ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەسەر بەدەستەوەگرتنی پۆستەکان و دەسەڵات لە حکومەتی نوێدا، لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێککەوتن نەکراوەو هەرکام لەو سێ لایەنە یەکتری بە دواخستنی پێکهێنانی حکومەت تۆمەتبار دەکەن.