پەلاماری تۆپخانەیی و ئاسمانیی تورکیا بۆسەر ناوچەی شیلادزێی هەرێمی کوردستان
سوپای تورکیا ناوچە ئاوەدانەکان لە شیلادزێ سەر بە پارێزگای دەهۆکی هەرێمی کوردستان کە پێشتر شایەتی نارەزایەتی دەربڕینی خوێنین بەئامادەبوونی سەربازانی تورک بووە، تۆپباران و بۆردومان کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، دوێنێ دووشەممە١٦ی گوڵان ڕێکەوتی شەشی مای، سوپای تورکیا دەستی کرد بە پەلاماردانی قورسی ناوچەی شیلادزێ سەر بە پارێزگای دەهۆک و بەقورسی تۆپبارانی کرد.
کەناڵی "ئێن ئاڕ تی" لەوبارەوە ڕاپۆری دا، هاوکات لەگەڵ پەلامارە تۆپخانەییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیاش ناوچەکەیان بۆردومان کردووە.
بەپێی ئەو هەواڵە، بۆردومانەکە لەنزیک شوێنەکانی جێگیربوونی خەڵکی ناوچە ڕووی داوەو هێشتا زانیارییەکی ورد لەمەڕ ڕادەی خەسار و زیانی شیمانەیی ئەو پەلامارانە بڵاو نەبووەتەوە بەڵام ترس و نیگەرانی خستووەتە نێو دڵی دانیشتووان.
لەو پەلامارانەدا چیای کوڕەژا دوو جار لەلایەن پێنج فڕۆکەی سوپای تورکیا بەقورسی بۆردومان کرا.
پەلامارەکانی تورکیا کە لەژێرناوی هێرش کردنەسەر پەکەکە، بەشێوەی ڕۆژانەو بەردەوام لەدژ ناوچە جیاجیاکانی هەرێم ئەنجام دەگرێ، بووە بەهۆی لەناوچوونی ژێرخانەکانی ئەو ناوچانە و گیان لەدەست دان و بریندار بوونی کەسانی سیڤیل و تائێستا چەندین جار خەڵکی هەرێم بەرامبەر ئەو پەلامارانەو هەروەها ئامادەبوونی سەربازانی تورک لە هەرێمدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
خەڵکی ناوچەی شیلادزێش چەند مانگ لەمەوبەر ناڕەزایەتیی خۆێنینیان لەدژ ئامادەبوونی سوپای تورکیا لەو ناوچەدا بەڕێوەبردووەو بەهێرش بۆسەر پێگەی سەربازیی تورکیا لەناوچەدا لەگەڵ سەربازانی جێگیر لەو پێگە پێکیان داداوەو پاش تەقەو دەسڕێژی بێ ئامانجی سەربازانی تورک لەدژ جەماوەری ناڕازی، ژمارێک لەوان بۆ وێنە منداڵێکی١٢ساڵان گیانی لەدەست داوەو ژمارێکیش بریندار بوون و هێزە ئاسایشییەکانی شیلادزێ ژمارێک لە چالاکوانانی ناوچەی بەتۆمەتی دەستتێدابوون لە ناڕەزایەتییەکان قۆڵبەست کرد.