پەرلەمانی کوردستانی ئێراق سەرۆکی ھەرێم ھەڵدەبژێرێت
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە بانگێشتنامەیەکدا داوا لە پەرلەمانتاران دەکات، رۆژی سێ شەممە، ئامادەی کۆبوونەوە بن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش لە پەرلەمان ئاشکرای دەکات، که لەو کۆبوونەوەیەدا پەرلەمانی کوردستان متمانە بە سەرۆکی ھەرێم دەدات.
لە بانگهێشتنامەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، کە واژۆی ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی بەسەرەوەیە، ھاتووە: "بەپێی حوکمی بڕگە (سێیە)ی ماددەی 18 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارمان دا بانگهێشتیی گشت ئەندامانی پەرلەمان بکەین بۆ دانیشتنی ژمارە 6ی ئاسایی ساڵی یەکەم، لە خولی ھەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە 28/5/2019 دا، تکایە ئامادە بن".
وتیشی: "دوای سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم، لە زووترین کاتدا سەرۆکی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رادەسپێردرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ".
بە گوێرەی بەرنامەی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەکەدا ھەڵبژاردنی پاڵێوراوەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
وەک لە کارنامەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە: "یەکەم: خستنەڕووی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم، بەپێی حوکمی خاڵی (5، 6)ی بڕگەی (یەکەم) لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2019 (یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ھەمواری ھەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسندکردنی دەستوور".