کوژران و بریندار بوونی دوو شارومەندی ھەرێمی کوردستان لە بوردومانی تورکیا
لە ھێرشی ئاسمانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی برادۆستی سەربە ھەو.لێری ھەرێمی کوردستان شارومەندێکی ھەرێم گیانی لە دەست داو براکەشی بە خەستی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، مەلا کەریم برادۆستی بەرپرسی پێکھاتەی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق لە ناوچەی برادۆست لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ھەواڵیی ئێس ئێن ئێن ڕایگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە پێنجەمی پوشپەڕ، ڕێکەوت لەگەڵ ٢٦ی ژوئەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای تورکیا جارێکی تر ناوچە ئاوەدانەکانی ھەرێمی کوردستانیان لە ناوچەی گروزینی سەربە برادۆستی پارێزگای ھەولێر بە توندی بوردومان کرد.
ئەحمەد قادر قایم قامی ناوچەی چۆمانیش لەم بارەیەوە بە کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند: لەم ھێرشانەدا ناوچەکانی زینان لە سیدەکان و سمیلان لە دۆڵی ڕۆست کراونەتە ئامانج و ترۆمبیلی شارومەندێک پێوە بووەو لە ئەنجام دا شارومەندێک گیانی لە دەست داوەو براکەشی بە خەستی بریندار بووە.
ناوبراو وتیشی کە سوپای تورکیا ناوچەکانی گردوپەڕی گوندەکان و نشینگەکانیان بوردومان کردووە.
ھەر لەم حاڵەدا میدیاکانی ھەرێمی کوردستان وایان بڵاو کردووەتە کە فڕۆکەشەڕکەرەکانی تورک دوێنێ چەندین جار ناوچە جۆربەجۆرەکانی ھەرێمیان کردووەتە ئامانج.
تورکیا لەماوەی ساڵانی ئەم دواییە بە بیانووی سەرکوتکردنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا سنووری خاکی عێراقی بەزاندووە. ئەم دەست درێژکاری و سنووربەزاندنانە کاردانەوەی توندی دەوڵەتی عێراق و وڵاتانی دیکەی جیھانی لێ کەوتووەتەوە.
شاڵاوی ئاسمانیی و تۆپخانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی باکووری عێراق لە کاتی پێشێلکرانی ئاگربڕ لە نێوان ئانکاراو پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا لە ژوئیەی ٢٠١٥ ەوە دەستی پێکراوەتەوە.