وەزارەتی پێشمەرگە: تورکیا سەروەریی نیشتمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i364985-وەزارەتی_پێشمەرگە_تورکیا_سەروەریی_نیشتمانیی_عێراق_و_هەرێمی_کوردستان_پێشێل_دەکات
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە ئاماژە دان بە چۆڵ کرانی ٤٥٠ گوندی سەر سنووری هەرێم لەبەر پەلامارەکانی تورکیا، گوتی کە ئەم وڵاتە بەکردەوەکانی سەروەریی نیشتمانیی عێراق و هەرێم بنپێ دەکات.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 04, 2019 12:54 Asia/Tehran
  • وەزارەتی پێشمەرگە: تورکیا سەروەریی نیشتمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە ئاماژە دان بە چۆڵ کرانی ٤٥٠ گوندی سەر سنووری هەرێم لەبەر پەلامارەکانی تورکیا، گوتی کە ئەم وڵاتە بەکردەوەکانی سەروەریی نیشتمانیی عێراق و هەرێم بنپێ دەکات.

 بەگوێرەی ڕاپۆرتی کوردپرێس،سەرلەشکەر جەبار یاوەر لە وتوویژ لەگەڵ ماڵپەڕی ڕۆژ نیوز لەبارەی ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی ئەمدواییەی تورکیا لە ناوچەکانی خواکورک لە هەرێمی کوردستان کە لەو دا پتر لە ٤ هەزار سەربازی تورک چوونەتە هەرێم و پەلامارەکانی ئاسمانی و تۆپخانەی و ئۆپەراسیۆنی زەوینی سوپای تورکیا لەناوچە ئاوەدانەکانی هەرێم تووندتر بۆتەوە و قووربانی بوونی کەسانی سیڤیل لە هەرێمی لێکەوتۆتەوە، ڕایگەیاند وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، لەم ئۆپەراسیۆنانە هیچ ئاگادارییەکی نییە،چوونکا هیچکام لە هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا نین.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گوتیشی کە سێ گۆشەی سنووری نێوان هەرێم، ئێران و تورکیا تەنیا هێزەکانی پەکەکەی لێیەو هێزەکانی تورکیایش بۆ تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەوان هاتوونەتە مەیدانەوەو هێزەکانی پێشمەرگە هەرگیز نەچوونەتە نێو ئەم ناوچە گەلە و کۆنترۆلێکیان بە سەر ئەم ناوچانەدا نییە.

هەروەها گوتی کە ھاتنی لەشکریانی  تورک بۆ خاکی هەرێمی کوردستان و بەڕێوە بردنی  ئۆپەراسیۆنی سەربازی وبەدی هێنانی پێگەی سەربازی، پێشێلکردنی هەرێمی ئاسمانی و زەوینی و سەروەریی نیشتمانیی عێراق و هەرێمی کوردستانە و لە روانگەی یاسایی و مافەوانییەوە دەبێ دەوڵەتی عێراق سەبارەت بەم دەستدرێژییە کاردانەوەی هەبێت، چوونکا بە گوێرەی یاسا و ڕێسای نێو دەوڵەتی  دەتوانێ وەکوو دەوڵەتێکی فەرمی لەم بارەوە لەگەڵ تورکیا دا هەڵس وکەوت بکات، هەرچۆن وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەک دا پەلامارەکانی ئەمدوایەی ئەم وڵاتەی بە تووندی شەرمەزار کرد.

سەرلەشکەر جەبار یاوەر لە درێژە دا ڕایگەیاند کە بە هۆی پەلامارەکان و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا ھەتا ئێستا لانیکەم ٤٠٠ تا ٤٥٠ گوندی سەرسنووری هەرێمی کوردستان چۆڵ کراون و گوندنشینان بە هۆی هەرەشەکانی تورکیا توانایی ئەنجامدانی کاروباری رۆژانەی کشت وکاڵ و ئاژەڵداری و ڕاگەییشتن بە زەوی وزاری خۆیانیان نییە و تائێستا ژمارێکی زۆر لەوان بوونەتە قووربانیی پەلامارەکانی تورکیا و گیانی خۆیانیان لە دەست داوەو یان بریندار بوونە.

ناوبراوبە ئاماژە دان بە بوونی ئەم گرفتانە هەر لە چەند دەیەی رابردووەوە، جەختیکرد وەزارەتی پێشمەرگە هەرگیز نابێتە بەشێک لەم گیرو گرفت و تێکهەڵچوونانە و بەردەوام وتوویژ بە تەنیا ڕێگا چارەی گرفتەکان دەزانێت.

ئەم کاربەدەستەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی کەهەرچەشنە تێکهەڵچوونی سەربازی لە هەریمی کوردستان کارتێکەریی نەرێنیی بەبڕشتانەی  دەبێت لە سەر ئاسایشت و ئابووریی هەرێم و دەبێتە هۆی زەرەر وزیانی ئیجگارزۆر بۆ هەرێم چوونکا زۆربەی بوارگە سنوورییەکان کە ڕێگای پێوەندیی هەرێم لەگەڵ جیهانی دەرەوە وئال وگۆری کاڵاو کۆتاڵە، لە شوینی تێکهەڵچوونەکان دا هەڵکەوتوون.