جەباریاوەر : پێکھاتنی گروپی چەکدار لە ھەرێمی کوردستان لە لایەن پەکەکەوە نایاساییە
ئەمینداری گشتیی وەزاڕەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان ، پێکھاتنی ھەر گروپێکی نایاسایی لە ھەرێمی کوردستان لە لایەن پەکەکەی بە ھەنگاوێکی نایاسایی و قەبوڵنەکراو زانی .
جەبار یاوەر لە دیمانەیەکدا لە گەڵ کەناڵی کوردستان ٢٤ گوتی ، پرسی پەلاماری تۆپخانەیی تورکیا و ئێران بۆسەر سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان لەبەر ئامادەبوونی گروپە چەکدارەکانی بەرھەڵستکاری ئەم وڵاتانە لە ھەرێم ، بابەتێکی زۆر گرنگ و نیشتماینە و دەبێ حکومەتی ناوەندیی عێراق لە بارەی پرسی پێشێلکرانی سنوورەکانی وڵات لە گەڵ حکومەتەکانی ئەم وڵاتانە وتووێژ بکات ، چونکە حکومەتی ھەرێم بە پێی دەستوور دەسەڵاتی وتووێژی فەرمیی لەم بارەی نیە .
ئەمینداری گشتیی وەزاڕەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان جەختی کردەوە ئابووری ھەرێم ، تەواو بەستراوەتەوە بە ئێران و تورکیا و کێشە لەسەر سنوورەکانی ئێمە لە گەڵ ئەم وڵاتانە دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی کێشەی گەورە بۆ ئابووریی و بژیوی شارومەندانی ھەرێم .
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە بە ھوی پەلامارەکانی تورکیاوە بۆسەر ھەرێم تا ئێستا ٤٥٠ ئاوایی چۆڵکراون و دەیان ھاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوونە و ئەوە لە کاتێکدایە کە تێکھەڵچوونی تورکیا لە گەڵ پەکەکە ھیچ پێوەندیەکی بەوانەوە نیە و دەبێ پەکەکە ئەم بابەتە لەبەرچاو بگرێ .
جەبار یاوەر جەختی کردەوە ھیچ پێوەندیەک لە نێوان پەکەکە و وەزاڕەتی پێشمەرگەوە نیە . نابراو ھەروەھا بە ئاماژە بەوەی کە چاکسازی لە وەزاڕەتی پێشمەرگەدا خەیکە دەکرێ ، رایگەیاند ھەرێم لە ھەوڵدایە کێشەی جێگیربوونی ھێزە بەرھەڵستکارەکانی وڵاتانی دیکە لە ھەرێم یەک لا کاتەوە و ھەوڵیداوە کە کێشەی تورکیا و پەکەکەش لە ربێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێ و دەبێ ھەموو ھێزەکانی نێو ھەرێم لە چوارچێوە و لەژێر فەرمانی وەزاڕەتی پێشمەرگەدابن .