دیداری نێچیرڤان بارزانی و شارەداری پاریس
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەفەر بۆ پاریس پاش دیداری لەگەڵ سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ، چاوی بە شارەداری پاریس کەوت و پێکەوە باس و وتووێژیان کرد.
بە پیی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی پێنجشەممە لە دیداریدا لەگەڵ خاتوو هیلداگۆ شارەداری پاریس خوازیاری بەردەوامی و پەرە سەندنی زیاتری هاوکارییەکانی نێوان شارەداریی پاریس و هەولێر بوو.
هیلداگۆیش لەو دیدارەدا بە ڕێزگرتن لە پلۆرالیزم و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەمو ئەتن و ئایینەکانی هەرێمدا ، تیشکی خستە سەر باروودۆخی کەمینەکان و ئاوارەکان لە کوردستانی ئێراق.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ژولای بە بانگهێشتی فەرمیی دەوڵەتی فەرەنسا سەردانی ئەم وڵاتەی کرد و لە کۆشکی ئێلیزەدا چاوی بە ئیمانۆئێل مەکرۆنی سەرۆک کۆماری فەرەنسا کەوت.
ئەو پاش دیدار و وتووێژ لەگەل ئیمانۆئێل مەکرۆن، باسی سەردانی سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە ئێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. بارزانی پاشان لەگەڵ "ژان ئینڤ لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دیداری کرد و لەگەڵ ئەو سەبارەت بە دوایین ڕووداو و گۆرانکارییە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچە، پەرە پێدانی پێوەندییە دەرەوەییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕێگای وتووێژەوە ولە چوارچێوی یاسای بنەڕەتی ئێراق بیر و ڕایان گۆڕییەوە.
لێکدانەوەی هەل و دەرفەتەکانی چالاکی بۆ کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە گۆڕەپانی ئابووری و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، مەترسیی تیرۆر، گەڕانەوەی ئاوارەکانی دانیشتووی هەرێم بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان، یارمەتییەکانی فەرەنسا بە هەرێمی کوردستان و بنیاتنانەوەی ناوچە وێرانەکانی شەڕی داعش، لە تەوەرەکانی دیکەی باس و وتووێژی ئەو دیدارە ڕاگەیەندراوە.