حکومەتی هەرێمی کوردستان: رووداوەکەی هەولێر پەلامارێکی تیرۆریستیی پلانبۆداڕێژراو بوو
" جوتیار عادڵ " وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر کردەوەیێکی تیرۆریستی ئامانجدار و پلان بۆداڕێژراو بووە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جوتیار عادڵ دوابەدوای ڕووداوی تەقە لە فەرمانبەرانی کۆنسولخانەی تورکیا لە هەولێر کە کوژرانی فەرمانبەرێکی کۆنسولخانە و دوو شاروومەندی هەرێمی لێکەوتەوە لە راگەیێندراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، رووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی سێ کەس، کردەوەیێکی تیرۆریستی ئامانجدار و پلان بۆداڕێژراو بووە. لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و بەرەوپێشچوونیش هەیە، بەم نزیکانەش هاووڵاتییان لە قۆناخەکانی لێکۆڵینەوە ئاگادار دەکەینەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە بەیاننامە بەراییەکەیدا ئەو پەلامارەی بە توندی ئیدانە کرد و جەختی کرد کە ناوەندەکانی هاوپێوەند لە حکومەتی هەرێم لێکۆڵینەوەی پێویست سەبارت بە و پەلامارە و ناس کردن و گرتنی هۆکارانیان دەست پێ کردووە و ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارە بە پێی یاسا سزا دەدرێن.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ژولای کاژێر ٢ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی هەولێر ژمارێک لە فەرمانبەرانی کۆنسولخانەی تورکیا لە یەکێک لە ڕیستۆرانەکانی ئەم شارە کەوتنە بەر دەسدرێژی گوللەی کەسێکی نەناسراو کە دوو دەمانچەی پێبوو و بە وتەی هێزی ئاسایشی هەولێر، دوابەدوای ئەو تەقەیە فەرمانبەرێکی کۆنسولخانە و دوو شاروومەندی هەرێم گیانیان لە دەست داوە.