مەسعوود بارزانی:هەرێمی کوردستان نابێتە پێگەیەک بۆ ترۆر
رێبەری پارتی دێمۆکراتی کوردستان لەپەیامێک دا بە بۆنەی قۆڵبەستکرانیی تاوانبارانی ترۆری دیپلۆماتەکانی تورکیا لە هەولێر، جەختیکرد کەهەرێمی کوردستان هەرگیز نابێتە پێگەیەک بۆ ترۆر.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کوردپرێس، ئەنجوومەنی ئاسایشتی هەرێمی کوردستانی عێراق رۆژی شەممە ٢٩ـی پووشپەری ١٣٩٨ لە ڕاگەیاندراوەیەک دا قۆڵبەست کرانیی یەکی لە هۆکارانی تەقەکردن و ترۆری دیپلۆماتەکانی تورکیایی لە یەکێ لە چێشتگەکانی هەولێر دا ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەی ئەنجوومەنی ئاسایشتی هەرێمی کوردستان، "مەزلووم داغ" شارومەندی تورکیا و خەڵکی شاری دیاربەکر وەکوو تاوانباری سەرەکی ترۆری دیپلۆماتە تورکەکان لە ناوەندی هەرێمی کوردستان دا دەستگیر کراوە.
مەسعوود بارزانی ڕێبەری پارتی بە دەرکردنی پەیامێک وێڕای دەربڕینی ڕێز و سپاسی لە خێرایی لەکردەوە و وردبینی هێزە ئاسایشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەمەڕ دەستگیری تاوانبارانی دۆسییەی پەلامار بۆ سەر دیپلۆماتەکانی تورکیا لە چێشتگەیەک لە هەولێر، ڕایگەیاند: لەهەمووان داوادەکەین گێرو کێشەکانی خۆیان ڕانەگوێزنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و نەبنە هۆی زەرەرو زیانی خەڵکی کوردستان.
بارزانی، هێزە ئاسایشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بە هێزگەلێکی جێ متمانە و هۆی شانازی وەسف کرد و وێڕای دەربڕینی ڕێز وسپاسی لەهاوکارییەکانی خەڵکی لەگەڵ ئەم هیزانە،جەختیکرد:خەڵک و هێزە ئاسایشتییەکان جارێکی تر ئەم بابەتە گرنگەیان سەڵماند کە کوردستان هەرگیز نابێتە پێگەی ترۆر.