ڕەوانەکرانی کاروانێکی گەورەی ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بەرەو سنوورەکانی تورکیا
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i366426-ڕەوانەکرانی_کاروانێکی_گەورەی_ھێزەکانی_پێشمەرگەی_ھەرێمی_کوردستان_بەرەو_سنوورەکانی_تورکیا
میدیاکانی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا باسی ڕەوانەکرانی کاروانێکی گەورەی ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بەرەو سنوورەکانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ تورکیا.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 01, 2019 10:49 Asia/Tehran
  • ڕەوانەکرانی کاروانێکی گەورەی ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بەرەو سنوورەکانی تورکیا

میدیاکانی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا باسی ڕەوانەکرانی کاروانێکی گەورەی ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بەرەو سنوورەکانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ تورکیا.

بەپێی ھەواڵی کوردپرێس ، هاوکات له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ته‌نگه‌ژه‌ی نێوان په‌که‌که‌ و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و به‌رده‌وامیی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر ئه‌و گرووپه‌ له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان، ڕۆژنیووز میدیای ڕاگه‌یاندنی په‌که‌که‌ و میدیاکانی دیکەی ئه‌و حیزبه‌ باسی ڕه‌وانه‌کردنی کاروانێکی گه‌وره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌یەکی زاخۆیان کردووه‌.

وەک باسیشی دەکرێت،کاروانه‌که‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ھەرێمی کوردستان به‌ره‌و شاره‌دێی ده‌رکاریی زاخۆ سەربە پارێزگای دھۆک کە ھاوسنوورە لەگەڵ تورکیا ڕه‌وانه‌ کراوه‌.

سه‌رچاوه‌ خۆجێییەکان ڕایانگه‌یاندووه‌ له‌م ڕۆژانه‌ی دوایی دا جموجوڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچەی زاخۆ زیادی کردووه‌.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە سه‌رچاوه‌کان ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوە کە ڕۆژی 28ی ئه‌م مانگه‌ کاروانێکی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ بە ترۆمبیلی سەربازی و چه‌ک و چۆڵی قورسەوە ڕه‌وانه‌ی شاره‌دێی ده‌رکاری سه‌ر به‌ زاخۆ کراون.

بڵاوبوونه‌وه‌کان هه‌واڵه‌کان له‌باره‌ی ڕه‌وانه‌کرانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان بۆ ناوچه‌ سنوورییه‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا له‌ کاتێکدایه‌ که‌ په‌که‌که‌ و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و له‌ سه‌روویانەوە پارتی دیموکرات په‌یوه‌ندییێکی خراپیان به‌یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌.

جێگای ئاماژەیە کە سوپای تورکیا لە دەیەی نەوەدی زایینیەوە ھەتا ئێستا ژمارەیەکی زۆری بنکەی ھەواڵگری و سەربازیی لە ھەرێمی کوردستاندا دامەزراندووەو لەشکریانی ئەم وڵاتە بە چوونەنێوقوڵایی ٣٠ کیلومەتریی خاکی ھەرێمەوە ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەربڵاو لەم ناوچانەدا ئەنجام دەدەن. شاڵاوەکانی تورکیا بە بیانووی ھەوڵی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بە شێوەی ڕۆژانە دژی ناوچە جۆربەجۆرەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامەو ئەمەش بووەتە ھۆی تێکڕووخانی ژێرخانەکانی ئەم ناوچانە و ھەتا ئێستا گیان لەدەست دان و بریندار بوونی زۆرێک لە شارومەندانی سڤیلی ھەرێم و چۆڵ کرانی ٤٥٠ گوندی سەرسنووری لێ کەوتووەتەوە. ھەتا ئێستا جەماوەری ھەرێمی کوردستان گەلێک جار دژی ئەم شاڵاوانەو ئامادە بوونی لەشکریانی تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستانی عێراق ناڕەزامەندییان دەربڕیوە.