سێی ئاگۆست. ساڵوەگەڕی گشت کوژی و قەڵاچۆی ئێزدییەکان
پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆی خۆیدا، سێی ئاگۆستی وەک ڕۆژی ڕەگەزکوژیی(جینۆساید) ی کوردانی ئێزدی بەفەرمیی ناسی.
ئەمڕۆ شەممە سێی ئاگۆست، ساڵوەگەڕی پەلاماری داعش بۆسەر شنگال و قەڵاچۆی بەرفراوانی کوردانی ئێزدی لەلایەن ئەو گرووپەو بەکۆیەگیرانی هەزاران کەس لەوان لەساڵی٢٠١٤ دایە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، پێنج ساڵ لەوەپێش لەوەها ڕۆژێکدا دەس وپێوەندییەکانی داعش کە شاری موسڵ و دەورووبەریان بەتەواوەتی داگیرکردو ڕایانگەیاند کە کاریان نییە بە شارومەندانی عێراقی، پەلامارێکی بەرفراوان و پلانبۆداڕێژراویان بۆسەر شنگال هەڵکەوتوو لە پارێزگای نەینەوا ئەنجام دا.
لەو پەلامارەدا کە لە سێی ئاگۆستی٢٠١٤ ڕووی دا، کوردانی ئێزدی بەشێوەی بەربڵاو و بێ بەزەییانە ، قەڵاچۆ کران و گوند و لادێکان لەناوچوون و ژمارێکی زۆر لەوان بە کارەساتبارترین شێواز کوژران و خرانە نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هەزاران کەسیش لەلایەن ترۆریستانی داعشەوە بەکۆیلە گیران و سەودایان پێکراو توندوتیژیی جۆراوجۆری جەستەیی و دەرونیان دەرهەق ئەنجام درا.
پێش پەلاماری داعش بۆسەر شنگال حەشیمەتی ئێزدیەکان لەو ناوچەدا ٥٥٠ هەزار کەس بوو و پاش پەلامار و قەڵاچۆی بەربڵاوی کوردانی ئێزدی لەلایەن داعشەوە، ٣٦٠ هەزار کەس لەوان ڕوویان کردە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری دەهۆک و ١٠٠هەزار کەسیش بەرەو وڵاتانی دیکە کۆچیان کرد.
ژمارێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیی هەرێمی کوردستانیش لە ساڵوەگەڕی قەڵاچۆی کوردانی ئێزدی، خوازیاری ئەندامەتی وڵاتی عێراق لەدیوانی سزای نێودەوڵەتی بوون بەمەبەستی پێوشوێن گرتنی کۆمەڵکوژییە ئەنجامگرتووەکان لەو وڵاتەو بەتایبەت کۆمەڵکوژیی ئێزدیەکان.