هەولێر کەسێک بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەبەغدا دیاریدەکات
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کارا کراوەتەوە و کەسێکی نوێش بۆ ئەو نوێنەرایەتییە دیاریکراوە، پارتی دیموکراتیش بوونی ئەو نوێنەرایەتییە لەبەغدا، بۆ هەرێمی کوردستان بەگرنگ دەزانێت
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتریش لە بەغدا هەر هەبووە، بەڵام ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان کارای کردووەتەوەو بەرپرسێکی نوێشی بە ناوی (فارس عیسا) بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە و ئێستا دەستبەکاریش بووە، کە خۆی خەڵکی پارێزگای دهۆکە.سەبری بۆ پێگەی فەرمی حیزبەکەی راشیگەیاند، بوونی ئەو نوێنەرایەتییە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە پردێکی پەیوەندی دەبێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر پێشوەچوون بە خۆیەوە ببینێت و پەرەی زیاتری پێ بدرێت.لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی تێکچوونی پەیوەندیی نێوان هەولێرو بەغدا، کارەکانی نوێنەرایەتی حکوومتی هەرێمی کوردستان راگیرابوو، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی باشبوونی پەیوەندییەکانەوە، جارێکی دیکە ئەو نوێنەرایەتییە کارا کراوەتەوە.