تەرمی 74 منداڵی کورد لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە باشووری عێراق دەرهێنرا
لە هەڵمەتی هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لەچوار گۆڕی دۆزراوەی کوردانی قوربانیی ئەنفال لەباشوری عێراق، تائێستا تەرمی١٧١ کەس لەوان ٧٤ منداڵ و ٩٧ ژن لەو گۆڕە بەکۆمەڵە هێنراوەتەدەر.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، سیروان جەلال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە 171 رووفات دەرهێنران، 74 رووفات منداڵن و 97 رووفاتیش ئافرەتن.
ناوبراو ئەوەشی وت کە ئەو ڕووفاتانە ڕەوانەی دادوەریی پزشکی لە بەغدا کران بەمەبەستی وەرگرتنی نموونەی دی ئێن ئەی.
سیروان جەلال ئەوەشی گوت "لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان منداڵ هەبوو لەنێو باوەشی دایکی بوو مردبوو، دایکێک دەستی لەملی چوار منداڵی خۆی کردبوو، بەشێک لە قوربانییەکان گوللـەشیان بەرنەکەوتبوو، ژێر خاککرابوون و گیانیان لەدەستدابوو".