داخوازی کوردەکان بۆ ئەندامەتیی ئێراق لە دادگەی نێودەوڵەتیی لاهە
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی قەڵاچۆ کرانی کوردە ئێزدییەکان، خوازیاری ئەندامەتیی ئێراق لە دادگەی نێودەوڵەتیی لاهە بوون.
گرووپی تیرۆریستیی داعش سێهەمی ئاگوستی ٢٠١٤ بە پەلاماردانی شەنگال لە پارێزگای نەینەوا هەڵکەوتوو لە باکووری ئێراق نامرۆیی ترین جەنایەت و بەرەکوژیی دژ بە شاروومەندانی ئێراقی بەتایبەت کوردە ئیزدییەکان، مەسیحییەکان، کوردی شەبەک، تورکمان و شیعەکان ئەنجام دا کە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا کەم وێنە بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەکدا داوایان لە دەوڵەتی بەغدا کرد لە ئاراستەی بەدواداچوونی قەڵاچۆی کوردەکان و پێناسە کرانی ئەم جەنایەتە وەکوو ژینوساید، تەگبیری پێویست بۆ ئەندامەتی لە دیوانی کەتنیی نێودەوڵەتی (دادگەی لاهە) بگرێتە بەر.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان هەروەها ئەندامەتیی ئەم وڵاتە لە دادگەی لاهەیان بە ڕێگایەک زانی بۆ ڕێگرتن بە دووپات بوونەوەی ئەو بەرەکوژیە بەردەوام و بەربڵاوانەی لەم وڵاتە ڕووی داوە.
دیوانی کەتنیی نێودەوڵەتی ICC یەکەم دادگەی هەمیشەیی نێودەوڵەتی بۆ لێکدانەوەی تاوانەکانی هاوپێوەند بە بەرەکوژی (ژینوساید)، جەنایەتی دژە مرۆیی، جەنایەتی جەنگی و دەسدرێژییە کە بنکەکەی لە لاهەی وڵاتی هۆڵندایە.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی ئێراق ساڵڕۆژی قەڵاچۆ کردنی ئێزدیییەکانی واتە سێهەمی ئاگوستی ٢٠١٤ی بە ڕۆژی ژینوسایدی ئێزدییەکان ڕاگەیاندووە.