دیندار زێباری : هیچ زیندانییەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بوونی نییە
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێی داگرت کە لە هەرێمی کوردستاندا هیچ زیندانییەکی سیاسی بوونی نییەو هیچ ڕاپۆرتێکیش لەمەڕ ئەشکەنجەو ئازاردانی زیندانییەکانیش تۆمار نەکراوە.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئاناتۆلی لە بارەی ڕەوشتی ئازادیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێی داگرت: لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا هیچ زیندانییەکی سیاسی بوونی نییەو هیچ ڕاپۆرتێکیش لەمەڕ ئەشکەنجەو ئازاردانی زیندانییەکانیش تۆمار نەکراوە. سەرباری ئەمەش 35 کەس لە هەرێم دا لە بەر هۆکاری جۆربەجۆرو ناسیاسی بەرەوڕووی بڕیاری ئێعدام بوونەتەوە کە بڕیارەکەیان هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
ناوبراو وتیشی: هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا 853 کەس لە دەست و پێوەندەکانی داعشی کە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشتی هەرێم و پێشمەرگەوە گیراون، ڕادەستی دەوڵەتیی ناوەندیی عێراق کردووەو هێشتا 677 کەس لەو چەکدارانەی داعش لە بەندیخانەکانی هەرێم دان.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ڕەوشتی پەنابەرو ئاوارە سەقامگرتووەکانی هەرێمیش وتی: زیاتر لە 800 هەزار پەنابەر لە هەرێم دان.