نێچیرڤان بارزانی پەسەندکراوەی ناودێر کردنی ڕۆژێک بە ناوی ژینۆسایدی ئێزدییەکانی واژۆ کرد
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەسەندکراوەی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ناودێرکردنی سێھەمی ئوت وەکوو ڕۆژی ژینۆسایدی ئێزدییەکان لە ڕۆژمێری ھەرێم دا واژۆ کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی شارپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبهتی کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ ناودێرکردنی سێھەمی ئوت وەکوو ڕۆژی ژینۆسایدی کوردانی ئێزدی پەسەند کرا بوو، واژۆ کرد.
بارزانی وێڕای واژۆ کردنی ئەم پەسەند کراوەیە داوای لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراقیش کرد کە ھەستێت بە بووژاندنەوەی شوێنی نیشتەجێ بوونی ئێزدییەکان کە لە شەڕو شاڵاوی داعش دا کاول کراوەو ئێزدییەکانی قوربانیی ئەو دڕندەکارییانەی داعش قەرەبوو کاتەوە.
مانگی ئوتی ڕابردوو پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی لوتکەیی بە سەرۆکایەتیی ڕێواس فایق و بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پرۆژەیاسای ناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە وەکوو ژینۆساید، بەڕێوە برد.
لەم دانیشتنە لوتکەییەدا بە زۆرینەی دەنگەوە نوێنەران ڕۆژی سێھەمی ئوت و ساڵگەڕی ھێرشی داعش بۆ سەر شنگالیان وەک ڕۆژی ژینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە ڕۆژمێری ھەرێم دا دیاری کرد.
پەرلەمانی کوردستان قەرەبووی ئێزدییەکانی قوربانیی دڕندەکاریی داعشی تیرۆریستیشی بە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق زانیوە.