سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر بە مەبەستی ناوبژیوانیی لەنێوان هەولێر و بەغدا
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی ئەو وڵاتە بۆ وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم وناوبژیوانیی لەپێناو ڕێککەوتنی نێوان ئەوان و حکومەتی ناوەندی، سەردانی هەولێر دەکا.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس؛ "فارس عیسا" لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی هاووڵاتیدا ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ سێ شەممە ، "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری عێراق، هاوڕێ لەگەڵ "فواد حوسێن" وەزیری دارایی ئەو وڵاتە لەسەرووی شاندێکی پلەبەرزی بەرپرسانی حکومەتی ناوەندیی عێراق، سەردانی هەولێر دەکەن.
ناوبراو وتی کە ئامانج لەو سەردانە، وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرز و ڕێبەرانی هەرێمی کوردستانە بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی وهەرێم و هاتنەدی ڕێککەوتن لەنێوان هەولێر وبەغدادا لەسەر پرس وبابەتی وەک نەوت وبودجە.
فارس عیسا ڕاشیگەیاند، سەفەری ئەو شاندە بۆ هەرێم، سێ ڕۆژ دەخایەنێ و پاشان بەرهەم ساڵح و فواد حوسێن و شاندی یاوەریان سەردانی ئەمریکا دەکەن.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا وتی: بڕیارە، "محەممەد حەلبوسی" سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکا.
کەناڵی ڕووداویش لەوبارەوە ڕاپۆری دا، ئەو وەڤدەی حکومەتی ناوەندیی عێراق کاژێر٤ی دوانیوەرۆی ئەمڕۆ بەکاتی خۆجێی گەیشتووەتە هەولێر و لەبارەی پرس و بابەتی وەک بودجە، نەوت و ناوچە جێ ناکۆکەکان، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ وێنە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتووێژ دەکا.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ناوەندی سەردانی بەغدا بکا، بەڵام ئەو سەفەرە لەبەر هاتنی سەرۆک کۆمار و وەزیری دارایی عێراق بۆ هەولێر، هەڵوەشا.