توندترکرانی ڕێوشوێنی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی کۆرۆنا
حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەئاراستەی بەرەوڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووچۆی نێوان شار و پارێزگاکانی قەدەغە کردو چالاکیی پاس و ئۆتۆمبیل وتەکسیی نێوان شارەکانی ڕاگرت و هێزی ئاسایشیش هاوکات لەگەڵ ستافی پزشکی بۆ کەرەنتینەکردن و پێشگرتن بە چوونەدەری شارومەندان لەماڵەکانیان، دەسبەکار بوون.
لەکاتێکدا کە دوائاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە بیست و حەوت کەس و مەرگی کەسێکی دیکە، حکومەتی هەرێم ئەو ڕێوشوێنانەی لە چەند حەوتە لەمەوبەرەوە گرتبوویە بەر بۆ پێش گرتن بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، توندتر کرد.
لەلایەکی دیکەوە هێزی ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ پزیشکان و ستافی پزشکی بۆ کەرەنتینەکردنی بەتەواوەتی دەسبەکار بووەو لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەستی کردووە بە سوڕانەوەو گەشت لێدان بۆ پێش گرتن بەو چالاکیانەی دەبنە هۆی قەرەباڵخبوون و هەرچەشنە گردبوونەوەی خەڵک.
وەزارەتی کاروباری ناوخۆی هەرێمیش وشداریی بە هاووڵاتیان داوە، ئەو کەسانەی لەئەنقەست پێشێلی یاسای کەرەنتینە بکەن و پاراستنی گیان و سەلامەتی هاووڵاتیان ببەزێنن و مەترسیی تووشبوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە پەرەپێ بدەن، بەرەوڕووی تۆمەتی قەتڵ و کوشتنی لەئەنقەست دەبنەوە.
حکومەتی هەرێم هەروەها گەشتی ڕاستەوخۆی سی و چوار وڵاتی ئوروپایی کە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا بەرزبووەتەوە، بۆ هەرێم بەقەدەغە ڕاگەیاندو پێشتر، هاتنی موسافیر لە ئێرانیشی قەدەغە کردبوو.
لەهەمان کاتدا، وەزارەتی تەندروستی و دەرمانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بەناسکرانی یەکەم حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵەبجە، ژماری تووشبووان لە هەرێم گەیشتووەتە بیست وهەشت کەس.