حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپاردەی نوێی لەبارەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دەرکرد
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i415921-حکومەتی_هەرێمی_کوردستان_راسپاردەی_نوێی_لەبارەی_دابەشکردنی_موچەی_فەرمانبەران_دەرکرد
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و ژمارەیەک راسپاردە و پێشنیاری سەبارەت بە چۆنیەتیی زیادکردنی داهاتی گشتی و دابینکردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا، دەرکرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئادار 15, 2023 13:59 Asia/Tehran
  • حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپاردەی نوێی لەبارەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دەرکرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و ژمارەیەک راسپاردە و پێشنیاری سەبارەت بە چۆنیەتیی زیادکردنی داهاتی گشتی و دابینکردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا، دەرکرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆچوارشەممە بە سەرپەرشتیی «مەسرور بارزانی» سەرۆک وەزیران کۆبووەوەو، سەرۆک وەزیرانی ھەرێم بە بۆنەی تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابونی هەڵەبجە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و حکومەتی عێراقی کرد و هیوای خواست ئەم هەنگاوە، ببێتە هۆی زیاتر بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لەو پارێزگایە.

«مەسرور بارزانی» جەختی لەوەش کردەوە کە، هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبوو، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگی و لەیەکتێگەییشن لە نێوان هەردوولادا هەبێت، بۆ ئەوەی یاسای بودجە بە باشی و دروستی و بەشێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە لە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.

سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕوون کردەوە کە، دوێنێ لە دیدارەکەی لەگەڵ «محەممەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی عێراق کردووە کە پێویستە بە پێی دەستور، قەرەبووی بنەماڵەو کەس و کاری شەهیدان و زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوی عێراق بکرێتەوە.

جێگای ئاماژەیە لە دوابەشی کۆبوونەوەکە دا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراو ڕاسپاردە و پێشنیاری پێویست سەبارەت بە چۆنیەتیی زیادکردنی داهاتی گشتی خرانەڕوو، بەمەبەستی پڕکردنەوەی خەرجییەکان و دابینکردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا.