هۆشدارییدانی قالیباف: وەڵامدانەوە بە هەرچەشنە دەسدرێژییەک، خێراو پەژیوانکەرەوە دەبێ
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە کۆڕی ئاشکرای مەجلیس و لە وەڵامی هەڵوێستی بێباکانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکادا، هۆشداریی دا: وەڵامدانەوە بە هەرچەشنە دەسدرێژیی و شەڕئەنگێزییەک، پەژیوانکەرەوەو خێرا دەبێ.
محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی وتی: هەڵوێستی بێباکانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بێ ڕێزیی بە گەلی مەزن و شارستانییەت سازی ئێران، سەلماندی کە ئەوان هێشتا رەفتاریان نەگۆڕیوە. ئەمریکییەکان ئەو راستییە بزانن کە سەردەمی ترس و تۆقاندن و هەڕەشەی لەناوبردنی ئەو گەلە شارستانییە، کۆتایی پێهاتووە. سەرانی کۆشکی سپی دەبێ بزانن وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەرچەشنە دەسدرێژیی و شەڕئەنگێزییەک، وەڵامێکی سەخت، پەژیوانکەرەوە، بەوردیی و خێرا دەبێ.
وتیشی: سەرۆک کۆماری وەهمیی ئەمریکا لەم دواییەدا لە لێدوانێکدا باسی گەرووی هورمز و پەڕینەوەی کەشتیەکان لەو گەرووەی کرد کە دووپات کراوەی بانگەشەکانی پێشوویە. هەم ئەمریکییەکان و هەم وڵاتانی دیکەش بزانن و ئاگاداربن؛ هەربەوجۆرەی پێشتر رامانگەیاندبوو لە ناوچەیەکدا کە ئێمە نەوت نەفرۆشین، کەس نەوت نافرۆشێ و ئەگەر ئاسایشمان دابین نەبێ، هیچ ژێرخانێک پارێزراو و سەلامەت نابێ.