عێراقچی: ئەمریکا، ڕێگری سەرەکیی بەردەم پرۆسەی دیپلۆماسییە
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i447646-عێراقچی_ئەمریکا_ڕێگری_سەرەکیی_بەردەم_پرۆسەی_دیپلۆماسییە
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات بۆ دیپلۆماسی و بەرگریی لەهەمبەر هەرچەشنە دەسدرێژییەکی شیمانەیی ئامادەیەو ئەوە ئەمریکایە کە بە پێشێلکردنی بەڵێنەکان، ڕێگای دانوستانەکان دادەخا.
(last modified 2026-10-21T16:12:56+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 21, 2026 19:40 Asia/Tehran
  • عێراقچی: ئەمریکا، ڕێگری سەرەکیی بەردەم پرۆسەی دیپلۆماسییە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات بۆ دیپلۆماسی و بەرگریی لەهەمبەر هەرچەشنە دەسدرێژییەکی شیمانەیی ئامادەیەو ئەوە ئەمریکایە کە بە پێشێلکردنی بەڵێنەکان، ڕێگای دانوستانەکان دادەخا.

 

سەید عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی ئەلئەخبارییەی عێراق بەئاماژە بە درێژەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەڕێی نێوەندگرەکانەوە لەوان پاکستان و قەتەر، وتی: تاران بۆ بەردەوامکردنی وتووێژەکان ئامادەیە، بەڵام واشنگتۆن دەبێ پێبەندبێ بە بەڵێنەکانی پەیوەست بە لێک گەیشتننامەی ئیسلامئاباد. بێتوو ئەو بەڵێنانە جێ بەجێ بکرێن، ئەگەری کرانەوەی بەتەواوەتی گەرووی هورمز و بەڕێوەچوونی خولەکانی دواتری دانوستان هەتا گەیشتن بە ڕێککەوتنی یەکجاریی مومکین دەبێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها باسی ڕێککەوتن لەگەڵ عوممانی کرد سەبارەت بە دیاریکردنی ڕێگاکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و ڕایگەیاند؛ نەخشەو تایبەتمەندیی ئەو ڕێڕەوانە ئامادەکراوەو تۆمارکردن و پەسەندکردنی نێودەوڵەتییان لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاگەڕیی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. عێراقچی دۆخی هەنووکەی گەرووی هورمزی گەڕاندەوە بۆ دەسدرێژیی سەربازیی ئەمریکاو رژیمی زایۆنیستی دژی ئێران و پێی داگرت؛ چارەسەریی ئەو پرسە، پەیوەستە بە گۆڕانی سیاسەتی واشنگتۆن و گەیشتن بە تەبایی. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند؛ ئەمریکا ئامانجە ستراتژییەکانی لە شەڕدا مسۆگەر نەکردووەو هەڕەشەی سەربازی و گەمارۆ ئابووریەکان ناتوانێ ئێران بەچۆکدا بێنێ. عێراقچی لەکۆتاییدا بەپێداگریی لەسەر ئامادەیی تۆکمەی ئێران بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەرچەشنە شەڕێکی شیمانەیی، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری شەڕکردن نیەو بەو ئەندازەی بۆ بەرگرییکردن لە خۆی ئامادەیە، بۆ چارەسەریی پرس وکێشەکان لەڕێی دیپلۆماسیش ئامادەیی هەیە.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران لە درێژەی ئاخاوتنەکەیدا، بەڕاگەیاندنی ئامادەیی ئێران بۆ نێوەندگریی لەنێوان عەرەبستانی سەعودی و لایەنی یەمەنیش وتی: تائێستا هیچ وەڵامێک لەلایەنەکانی شەڕەوە نەگەیشتووە. ناوبراو هەروەها هەرچەشنە دەسوەردانی دەرەکی لەکاروباری یەمەنی بەمایەی ئاڵۆزتربوونی قەیران زانی و پێی داگرت: ئەنساروڵڵاو حیزبوڵڵا، دوو گرووپی لێک جودان و ئێمە پشتگرییان لێ دەکەین،  بەڵام ئەو داکۆکیی کردنە بەو مانایە نییە کە ئەوان لەئێمە فەرمان وەردەگرن.