بە قسەی تورکیا، هێرشە سەربازییەکانی لە سوریا و عێراق کوژرانی ٢٥٤ کەسی لێ کەوتووەتەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/تورکیا-i413139-بە_قسەی_تورکیا_هێرشە_سەربازییەکانی_لە_سوریا_و_عێراق_کوژرانی_٢٥٤_کەسی_لێ_کەوتووەتەوە
وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکرانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەم وڵاتە بە ناوی "چنگ-شمشێر" لە باکووری عێراق و سوریا ٢٥٤ کەس کوژراون.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی دووه‌م 24, 2022 09:21 Asia/Tehran
  • بە قسەی تورکیا، هێرشە سەربازییەکانی لە سوریا و عێراق کوژرانی ٢٥٤ کەسی لێ کەوتووەتەوە

وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکرانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەم وڵاتە بە ناوی "چنگ-شمشێر" لە باکووری عێراق و سوریا ٢٥٤ کەس کوژراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، «خولوسی ئاکار»، وەزیری بەرگریی تورکیا شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی حەوتەی ڕابردوودا لە باکووری سووریاو عێراق ٤٧١ ئامانج هێرشیان کراوەتە سەر و بەو هۆیەشەوە ٢٥٤ کەس گیانیان لەدەست داوە.

ئەم قسانەی وەزیری بەرگریی حکومەتی ئەنقەرە چەند کاژێرێک دوای ئەوە کراوە کە شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دامەزراوە نەوتییەکانی سوریایان لە گردوپەڕی قامیشلی ھەڵکەوتوو لە پارێزگای حەسەکە کردە ئامانج.

بەپێی ئەم ڕاپۆرته، هێرشه سەربازییەکە بووەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لەم دامەزراوەیەدا.

«ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»سەرۆک کۆماری تورکیاش ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە باکووری سووریا و عێراق تەنیا بە هێرشی ئاسمانی بەرتەسک نابنەوەو ئۆپەراسیۆنی وشکانیش لە کاتی گونجاودا ئەنجام دەدەین.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها دەسەڵاتدارانی سوریا و عێراق بەرامبەر بە هێرشە سەربازییە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە بە بیانووی شەڕی «پەکەکە»، ئەنقەرە هێرشەکانی بۆ سەر ھێندێک لە ناوچەکانی سوریا و عێراق چڕتر کردووەتەوە بەبێ ئەوەی گرنگی بەو ناڕەزایەتیانە بدات .