هاوسەرۆکی دەم پارتی: بۆ ئیدارەی تورکیا ئامادەین، ئامانج بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیکە
"تونجەر بەکرخان" هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە پێنجەمین کۆنگرەی ئاساییی ئەو پارتە ڕایگەیاند کە دەم پارتی بۆ دەسپێکردنی قۆناخێکی تازە ئامادەیەو بەنیازە، لە دەسەڵات و ئیدارەی تورکیادا، رۆڵ ببینێ. ناوبراو هەروەها کۆماری دیموکراتیکی بەئامانجی سەرەکیی ئەو پارتە ناوبردو جەختی کرد؛ ئەو کۆنگرە، دەسپێکی پرۆسەی دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک دەبێ.
پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان(دەم پارتی) لە ناوەندی کەلتوریی نازم حیکمەت لە ناوچەی یێنی مەحەلەی ئانکارا بەڕێوە چوو و نزیک بە ٦٠٠ نوێنەر تێیدا ئامادەبوون. لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی ئەو پارتە، تونجەر بەکرخان و تولای حاتەم ئۆغوڵڵاری بە کەوتنەنێو پێرستێک، جارێکی دیکە وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردران.
تونجەر بەکرخان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان(دەم پارتی) پاش ئەو هەڵبژاردنە لە وتاردانی خۆیدا وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر ئامادەیی پارتەکەی بۆ گۆڕانکاریی نوێ لە تورکیادا، وتی: ئێمە بۆ خولی تازە و ئیدارەی تورکیا ئامادەین. ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیاش وتی کە دەم پارتی بۆ بەرەوپێش بردنی ئەو پرۆسە ئامادەیە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی، چارەسەرنەبوونی پرسی کورد لە تورکیای بە یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیران لە تورکیا زانی و پێی داگرت؛ سەرکەوتنی کوردەکان نابێ وەک هەڕەشەو مەترسی لەقەڵەم بدرێ، بەڵکوو دەبێ وەک سەرکەوتنی تێکڕای کۆمەڵگای تورکیا دانرێ. بەقسەی ناوبراو، ئەگەر کوردەکان ببنە دەورگێڕانێکی شیاو، تورکیاش دەتوانێ لەو پرۆسە، سوود وەرگرێ و بەهێزتر بێ.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆتایی قسەکانیدا، پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی دەم پارتی بە دەسپێکی بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیک ناوبردو وتی: تۆوی ئەو پرۆسە لە ئانکارا دەچێنرێ.