قەیرانی ١٨ملیار دۆلاریی سندوقەکانی وەبەرهێنان لە تورکیا
لێکۆڵینەوە لەبارەی پێشێلکاریی شیمانەیی لە سندوقەکانی وەبەرهێنان و داڕمانی بازاڕی بەرەبەشی تورکیا، پەرەی سەند.
قەیرانی سندوقەکانی وەبەرهێنان بووە بە یەکێ لە گرینگترین بابەتە ئابوری و سیاسییەکانی تورکیا. ئەو دۆسییە، نزیک بە ١٣١ سندوق بە زیاتر لە ٤٥٠ هەزار وەبەرهێنەر و خاوەن سەرمایە لەخۆ دەگرێ و کۆی دارایی ئەو سندوقانەی خەریکە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێ، نزیک بە ١٨ ملیار دۆلار مەزەندە کراوە.
لێکۆڵینەوەکان دوای ئەوە چڕبوونەوە کە ژومارێک لە سندوقەکان و کۆمپانیا دراڤییەکان سەرباری تۆماری دەرهاوێشتەی نائاسایی، لە وەڵامدانەوە بە داوای وەبەرهێنەران بۆ ڕاکێشانی پارە بەرەوڕووی کێشە بوون. ئەو دۆخە، شەپۆلی فرۆشتن لە بۆرسەی ئەستەمووڵ و کەمبوونی بەرچاوی بەهای ژومارێک لە بەرەبەشەکانی لێکەوتەوە.
لەهەمان کاتدا، لیژنەی بازاڕی سەرمایەی تورکیا پەیوەست بە مامەڵەکانی بەرەبەشی کۆمپانیای "ترا فینانساڵ یاتیریملار هۆڵدینگ" ٣٧ کەسی بە تاوانبار ڕاگەیاند. ئەو ڕێکخراوە هەروەها ٣٩ کەس و کۆمپانیای بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئەنجامدانی مامەڵە لە بۆرسە قەدەغەکردو مۆڵەتی چالاکیی٢٤کەسی هەڵوەشاندەوە.
بەپێی ڕاپۆری فاینەنشاڵ تایمز، بەرپرسانی تورکیا تێدەکۆشن شوێنهاتەکانی قەیرانی نزیک ١٨ ملیار دۆلاریی سندوقەکان کۆنترۆڵ بکەن. ئەو رۆژنامە هەروەها نووسی؛ درێژەی قەیران، جگە لە سەپاندنی زیان بەسەر وەبەرهێنەران، متمانە بە میکانیزمە چاودێرییەکان و جێگەوشوێنی جیهانیی بازاڕی سەرمایەی تورکیاشی خستووەتەژێر کارتێکەریی.