بیلاروس : کۆچبەرانی عیراقی لەسەر سنوور لە لایەن پۆڵەنداوە کوژراون و لەسێدارەداون
لیژنەی لێکۆڵینەوەی بیلارووسیا رایدەگەیەنێت، "بەڵگەی کوشتن و لە سێدارەدانی کۆچبەرانی عیراق لەسەر سنووری بیلارووسیا لە لایەن پۆڵەنداوە ئاشکرابووە."
دەشڵێت، ئەو بەڵگە و زانیارییە نهێنیانەیان داوەتە عێراق کە دەیسەلمێنن، سەربازانی پۆڵەندا لەسەر سنور کوشتن و لەسێدارەدانی کۆچبەرانی ئەو وڵاتەیان بەشێوەی نهێنی و بەکۆمەڵ ئەنجامداوە.
ئەمرۆ چوارشەممە 22ـی 6ـی 2022، لیژنەی لێکۆڵینەوەی بیلارووسیا، لە راگەیەندراوێک دا بڵاویکردووەتەوە، "لە بنکەی فیدڕاڵی لیژنەکەمان، لەگەڵ وەفدێکی عێراقی کۆبووینەوە کە تێیدا فەرمانبەرانی لێکۆڵینەوەی سەرەکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەر بە وەزارەتی دەرەوە و لیژنەی ئاسایشی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و بنکەی مافەکانی مرۆڤ ئامادەی بوون، تێیدا هەموو ئەو بەڵگە و زانیاریانەمان بە عێراق دا کە دەیسەلمێنن سەربازە پۆڵەندیەکان لە ناوچە سنووریەکان لەگەڵ بیلارووسیا بەشێوەیەکی نهێنی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵیان بەسەر ئەو کۆچبەرە عێراقیانەدا سەپاندووە کە ویستویانە لەو رێگەیەوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا و هەر بەنهێنیش لەسێدارەیان داون".
ئاماژە بەوەشکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی عێراقی زانیاری پێویستی لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەو پرسە تاوانکارییە تایبەتە دەستکەوت، کە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و بانگەشەی جەنگە و خستنە بەر مەترسی بەئەنقەستە."
ئاشکراشیکردووە، "ئەم تاوانە لەسەر بنەمای رەگەز و بنەچە و نەتەوەیی لەسەر سنووری پۆڵەندا لە دژی ئەو کەسانەی ویستویانە بە دەوڵەتە ئەوروپیەکانی دیکە بگەن ئەنجامدراوە.
ئەم رووداوە یەکەم جار نییە و لەماوەی رابردوودا لێکۆڵەرە بیلاروسییەکان، تاوانێکیان دژی 135 هاوڵاتی عێراقی ئاشکراکرد کە لەسەر سنوری بیلارووسیا- پۆڵەندا لەلایەن سەربازانی پۆڵەندیەوە لە دژیان ئەنجامدراوە.