بەردەوامیی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە و هەڵکشانی ژماری شەهیدان
داڕمانی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی شەش نهۆمی لە کەرتی غەززە کە پێشتر بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنییەوە زیانی قورسی پێگەیشتبوو، بووە هۆی کوژرانی ٢٠ فەلەستینی بە پێنج منداڵیشەوە، دەیان کەسیش بێسەروشوێن بوونە.
مەحمود بەسەل، وتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە ڕایگەیاند، تا ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمی ٢٠ شەهید لە ژێر داروپەردووەکانی ناوچەی سەناعەی شاری غەززە بکێشنەدەرەوە، هاوکات دەیان شەهیدی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون. ناوبراو باسی لەوەشکرد، سەدان ماڵ و باڵەخانە لە ناوچە جیاجیاکانی غەززە مەترسی ڕووخانیان لەسەرە، دۆخی ئەم ناوچەیەش کارەساتبارە، و ئەگەر هیچ ڕێوشوێنێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە نەگیرێتەبەر، لە داهاتوودا ڕووداوی خراپتر دەقەومێ. مەحمود بەسەل ئاماژەی بەوەشدا کە تیمەکانی فریاگوزاری بەدەست نەبوونیی ئیمکانات بۆ گەڕان بەدوای ونبووەکان لە ژێر داروپەردووەکاندا دەناڵێنن. هەندێک سەرچاوە ڕایانگەیاند کە تا ئێستا زیاتر لە ٦٠ کەس بێسەروشوێنن. وتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە وتی: ئەم بینا شەش نهۆمییە شوێنی نیشتەجێ بوونی دەیان کەسی خەڵکی غەززە بووە کە ماڵەکانیان لە پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنیدا لەدەستداوە و ئاوارە بوون. مەحموود بەسەل ڕاشیگەیاند کە نزیکەی دوو هەزار بینای زیانلێکەوتوو، کە ئێستایش هەر خەڵکیان تێدا دەژین، مەترسی ڕووخانیان لەسەرە. ناوبراو بە ئاماژە بە مەترسییە گەورەکانی سەر خەڵکی سڤیل بەتایبەتی ئەوانەی لەو باڵەخانەگەلەیدا دەژین کە لە کاتی شەڕدا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، خوازیاری ئەوە بوو کە ڕێگا بدرێ بە هاتنە ناوەوە ئامێری قورس و پێویست بۆ غەززە بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە. بزووتنەوەی حەماسیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کارەساتی ڕووخانی باڵەخانەی سەعادە لە شاری غەززە داڕمایە سەر دانیشتوان و پەنابەراندا، لاپەڕەیەکی نوێیە لە دەرئەنجامە مرۆییە کارەساتبارەکانی شەڕی جینۆساید و ئەو وێرانکارییە بەربڵاوانەی کە ڕژێمی داگیرکەر لە کەرتی غەززە بەجێی هێشتووە. ئەم بزووتنەوەیە جەختی کردووە کە ئەم کارەساتە یەکێکی تر لە دەرئەنجامە ڕاستەوخۆکانی جەنگی جینۆسایدی دڕندانەی ڕژێمی داگیرکەر لە دژی گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززەیە و بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆی ئەم ڕژێمەدایە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تاوانەکانی داگیرکەران تەنیا بە بۆردومانی ناوچە مەدەنییەکان، وێرانکردنی ماڵی خەڵک و کوشتنی خەڵکی سیڤیلی غەززە سنووردار نەبۆتەوە و دەرئەنجامەکانی ئەو تاوانانە ئەمڕۆش بە داڕمانی بینا زیانلێکەوتووەکان هەر بەردەوامە. ئەو بینایانەی کە هاووڵاتیانی فەلەستینی بە هۆی وێرانبوونی بەربڵاوی ماڵ و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون و نەبوونی شوێنی مانەوە ناچار بوون لەوێدا بمێننەوە. حەماس ڕاشیگەیاند: کەمبوونی لەڕادەبەدەری ئامێری کۆکردنەوەی داروپەردوو و کەرەستەکانی فریاگوزاری کە پێویستن بۆ گەڕان بەدوای دەیان کەسی ونبوو لە ژێر داروپەردووی بینای ئەسەعادەدا، بە تێپەڕینی کاژێرە گرنگەکانی سەرەتای ڕووداوەکە مەترسیی زیاتر لەسەر ژیانی خەڵکی بێتاوانی مەدەنی دروست دەکات. بزووتنەوەکە خوازیاری هەنگاوی خێرا و بەکردەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بۆ هێنانی ماشێنە زەبەلاحەکان، کەرەستەی فریاگوزاری و ئەو ئامێرانەی پێویستن بۆ ڕێکخراوی فریاکەوتنی کەرتی غەززە بۆ ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری بتوانن بگەنە ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە و ئەو کەسانە ڕزگار بکەن کە هێشتا لە ژیاندان. هەروەها حەماس وشداریشیدا لەحاند کارەساتێکی مرۆیی بەرفراوانتر و ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی فریاگوزاری لە غەززە بوونی نزیکەی دوو هەزار بینای وێران و زیانلێکەوتوو و نزیک لە ڕووخانی پشتڕاست کردۆتەوە کە ئێستاش هەر خەڵکی تێدا نیشتەجێیە و ئەگەری ڕووخانیان لە هەر ئانوساتێکدا هەیە.