پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە فەرەنسا
ناڕەزایەتی دەربڕینی خوێندکارانی خوێندنگەکانی فەرەنسا، کە لە سەرەتاوە بە تەوەرەی کێشەکانی هاوپێوەند بە سیستەمی فێرکاری لەوانە کەمبوونی مامۆستا، پۆلی قەرەباڵغ و هەروەها کۆن و پەککەوتەبوونی باڵەخانەی خوێندنگەکان دەست پێ بوو، لە ماوەی ٢ هەفتەی ڕابردوودا پەرەی سەندووە بۆ ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە.
زیاتر لە هەزار خوێندنگە لە فەرەنسا مانگرتن و کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و نزیکەی ٤٠٠ خوێندنگەش لەبەر ناڕەزایەتی دەربڕین و نیگەرانیی ئەمنی داخراون. لە هەندێک لە شارەکاندا ناڕەزایەتییەکان، شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس، ئاگرکەوتنەوە و هەروەها تیاچوونی سامانی گشتی و زیانگەیاندن بە خوێندنگەکانی بە دواوە بووە. وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە لە دەستپێکی حەفتەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس لەم ناڕەزایەتی دەربڕینانەدا گیراون، کە نزیکەی لە سەدا 85ـیان تەمەنیان لە خواری تەمەنی یاساییە، واتە لە 18 ساڵ کەمترە. هەروەها کاربەدەستانی فەڕەنسی باسی برینداربوونی سەدان هێزی پۆلیس و هێزی ئاسایشیان کردووە، لەو لایشەوە وەزارەتی خوێندنی فەڕەنساش ڕایگەیاندووە تا ئێستا 170 خوێندکار و 65 فەرمانبەری خوێندنگەکان بریندار بوون. دوابەدوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە فەڕەنسا، چەندین تازەلاو توانای بینینی خۆیان لەبەر بەرکەوتنی گوللە لە چاو و دەموچاویان لە دەست داوە. هاوکات ڕاپۆرتێکیش بڵاو بۆتەوە سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی پۆلیس لە چەکی ناسراو بە ئێڵبیدی و برینداربوونی چەندین تازەلاو. لە شاری توور تازەلاوێکی تەمەن 16 ساڵیش ڕۆژی پێنجشەممە 1ی ئۆکتۆبەر لەو ناڕەزایەتی دەربڕینانەدا گوللەی ئێڵبیدی بەرچاوی کەوت و بینایی لە دەست دا. دۆسیەی ئەم ڕووداوە کەوتۆتە بەر لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە. پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتییانە کە کێشراوەتە زانکۆکانیش، دەسەڵاتی سیاسیی فەرەنسسای بەرەوڕووی قەیرانێکی ڕوو لە پەرە کردووەتەوە.