حکومەتی عێراق : پەلامارەکەی ئەمریکا بۆسەر سنووری عێراق دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆسەر سەروەری خاکی عێراق
کازمی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد لەبارەی بۆردومانەکانی سەر سنووری نێوان عێراق و سوریا کە لیوایەکی حەشدی شەعبی کرایە ئامانج.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی وەزارەی عێراق بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبووە و تاوتوێی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆسەر سنووری نێوان عێراق و سوریا کرا، کە گروپێکی سەربەرحەشدی شەعبی کرایە ئامانج بەناوی “سەید ئەلشوهەدا” بەگوێرەی ئامارەکانیش حەوت چەکداری کوژراوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی باسی لەوەکردووە، ئەو هێرشەی ئەمریکا بۆسەر سنووری عێراق دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆسەر سەروەری خاکی عێراق و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئاماژەبەوەشکراوە، “ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕووداوەکە دەکات و ڕێکارە یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو دەستدرێژییانە بۆسەر خاکی عێراق لە داهاتوودا”.
ئەنجومەنەکە ڕەتیشیدەکاتەوە عێراق بەکاربهێنرێت بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێکان، یان خاکەکەی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتێکی دیکە بەکاربهێنرێت.
ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، “حکومەت دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکا هەبووە لەبارەی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی لەعێراقدا و بۆئەومەبەستەش پێشکەوتنی باش هەن، کە بەمنزیکانە وردەکارییەکەی ڕادەگەیەنین”.