عێراق داوای لەهاوڵاتیانی کرد ئۆکرانیا جێبهێڵن
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە ئۆکرانیا دروستبوە داوا لەهاوڵاتیانی عێراق دەکەن ئەو وڵاتە جێبهێڵن، هەروەها داواش لەسەرجەم عێراقییەکان دەکەن لەم کاتەدا گەشت بۆ ئۆکرانیا ئەنجام نەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ شەممە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، بەمەبەستی پاراستنی رەوەندی عێراقی لە ئۆکرانیا لە ئەنجامی دۆخی ئاڵۆزی ئەو وڵاتە، وەزارەتی دەرەوە رێنمایی هاوڵاتیانی دەکات لەزوترین کاتدا ئۆکرانیا جێبهێڵن.
ئەوەش هاتوە، هەروەها داوا لەسەرجەم هاوڵاتیانی عێراق دەکەن کە بەنیازی گەشتکردنن بۆ ئۆکرانیا، لەم کاتەدا و بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتیتان هیچ گەشتێک بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام مەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڕیاریداوە مۆڵەتی ساڵانەش بدات بە ئەندامانی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی باڵیۆزخانەی عێراق لە کییڤ، ئەویش لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان.وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، مەترسی ئەوەیان هەیە مۆسکۆ پلانی هێرشکردنەسەر ئۆکرانیای هەبێت، بەتایبەت کە مۆسکۆ 100 هەزار سەربازی لەسەر سنوری ئۆکرانیا و 30 هەزار سەربازی دیکەشی لەسەر سنوری ئۆکرانیا و بیلاڕوسیا جێگیرکردوە.
لای خۆیەوە روسیا تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، هیچ پلانێکیان بۆ هێرشکردنەسەر ئۆکرانیا نیە، بەڵام بەهۆی نزیکبونەوەی هاوپەیمانی ناتۆ لە سنورەکانی وڵاتەکەیان، پێویستە رێکاری سەربازیی فراوان بگرنەبەر.