زریانی لم لە عێراق سەدان کەسی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد
https://kurdish.sahartv.ir/news/عێراق-i407680-زریانی_لم_لە_عێراق_سەدان_کەسی_ڕەوانەی_نەخۆشخانە_کرد
سەرچاوە میدیاییەکان باسی ھەڵکردنی زریانی لم لە ٦ پارێزگای عێراق و سەردانی پتر لە ھەزار کەس بۆ نەخۆشخانەکانیان کردووە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 05, 2022 17:20 Asia/Tehran
  • زریانی لم لە عێراق سەدان کەسی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد

سەرچاوە میدیاییەکان باسی ھەڵکردنی زریانی لم لە ٦ پارێزگای عێراق و سەردانی پتر لە ھەزار کەس بۆ نەخۆشخانەکانیان کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی عێراق (واع)، خۆڵبارین شەش پارێزگای عێراق لەوانە بەغدا، ئەنبار، کەرکوک، نەجەفی پیرۆز، کەربەلای پیرۆز، پارێزگای سەلاحەددین و دیوانیەی ھەر لە شەوی پێنج شەممەوە داگرتووەو خەڵکی ئەم ناوچانە بەیانیی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئاسمانێکی نارنجی پۆش ببوونەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە پارێزگای ئەنبار ھەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای عێراق کە لە تەنیشتی سنوورەکانی سووریادایە، نزیکەی ٧٠٠ نمونەی ھەناسەبڕکێ تۆمار کراوە.

کاربەدەستانی خۆجێیی داوایان لە خەڵک کردووە کە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. «عامر ئەلجابری» بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاندووە کە تەوژمی زریانەکە بەرە بەرە کەم دەبێتەوە، بەڵام بە شیمانەی زۆرەوە ھەڵکردنی وەھا زریانێک لەم مانگەدا لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق ھەروا بەردەوام بێت.