عێراق نەوت هەناردەی بازارەکانی ئەوروپا دەکات
کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، بەغدا ئامادەیە هاوکاری بازاری وزەی ئەوروپا بکات ئەویش لەرێگەی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەوروپا بەگوێرەی یاساکانی رێکخراوی ئۆپیک، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازی کاری هاوبەشی لەگەڵ فڕەنسا کردوە.
عەلا ئەلیاسری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەلێدوانێکدا باسی لەوەشکردوە، کۆمپانیای سۆمۆ تاکە لایەنی فەرمییە بۆ هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانی، هەروەها سۆمۆ ئەرکی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا جیهانییەکان لە ئەستۆ دەگرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، عێراق دەتوانێت نەوت هەناردەی ئەوروپا بکات و بۆ ئەو مەبەستەش داوای هاوکاری و هەماهەنگی لە فڕەنسا کراوە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەوەشی خستوەتەڕو، لەئێستادا کۆمپانیاکەیان مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی سەربە هەردو حکومەتی هیندستان و چین دەکات و گرێبەستی درێژخایەن لەنێوان هەردو لایاندا بونی هەیە، هەروەها نەوتی خاویش بۆ پاڵاوگەکانی وڵات دابین دەکەن.