وه‌زیرى دارایی عێراق وازی لە پۆستەکەی ھێنا
وه‌زیرى دارایی عێراق به‌فه‌رمى نامەی ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ى خۆی ڕاده‌ستى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کرد‌و «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانیش لێی قەبوڵ کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانى عێراق،«عەلی عەلاوی» وەزیری دارایی عێراق وازی لە پۆستەکەی ھێنا‌و نامەی وازھێنانەکەشی له‌کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دا ڕاده‌ستى «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد‌و کازمیش ڕه‌زامه‌ندىی لە سەر نیشان دا.
سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له‌به‌غداوه هۆکارى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ى ئاشکراکردو ڕایگه‌یاند، "خودى عه‌لى عه‌لاوى کۆدهنگیهکى له‌سه‌ره بۆ ئه‌وه‌ى بۆ پۆستى سه‌رۆک وه‌زیرانى داهاتوى عێراق کاندید بکرێت، هه‌ربۆیه داواى لێکراوه له‌ئێستاوه نامه‌ى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ى بداته سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، مه‌رجه‌عیه‌ت و ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تىو سه‌رکرده‌ى سیاسیی کۆکن له‌سه‌رئه‌وه‌ى، بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه چهقبوهستهى ئێستاى عێراق، تاکه که‌سایه‌تىی عێراقى، عه‌لاویه که کاندید بکرێت بۆ ئه‌و پۆسته، هه‌ربۆیه یه‌کێک له‌ئه‌گه‌ره به‌هێزه‌کان ئه‌وه‌یه.
عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی ساڵى 1947 له‌دایکبووه، وەزیری دارایی حکومه‌تى عێراقه‌و دوای پرۆسه‌ى ئازادیى عێراق‌و لەساڵی 2003 لەلایەن ئەنجومەنی کاتیی حوکمى ئه‌وکاته‌وه دەستنیشانکرا بۆ وەزارەتی بازرگانی.
عەلاوی پێشتر وەک پڕۆفیسۆر لەزانکۆی «ئاکسفۆرد»و هاوڕێی میوان لەسەنتەری کار بۆ مافەکانی مرۆڤ لە«هارڤارد» خزمەتی کردووە.