سودانی: زۆرینەی پارە دزراوەکان ڕەوانەی دەرەوەی عێراق کراون
«محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، زۆرینەی پارەکەی «دزیی سەدە» براوەتە وڵاتانی دەرەوەی عێراق.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی حەوتانەی خۆیدا ڕایگەیاند: عێراق ئەندامی رێککەوتنی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵییە کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆیە دەبێت وڵاتان پابەندی رێکەوتنەکە بن و کاربکەن بۆ گێڕانەوەی پارە «دزراوەکان»ی عێراق.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی «بردنی» زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری پارەی باجەکانی عێراق کە بە «دزیی سەدە» ناوبراوە وتوویەتی: زۆرینەی ئەو پارەیە براوەتە دەرەوەی عێراق.
پێشتر حکومەتی عێراق بەفەرمی دانی بەوەدا نابوو کە زیاتر لە سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار لە پارەی باجەکانی عێراق، لەلایەن باندێکی ڕێکخراوەوە براوەتە دەرەوەی عێراق، هاوکات ژمارەیەک کەسیش لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرکراون.