خولی یارییەکانی بریتانیا بەبێ هاندەر دەستپێدەکاتەوە
لەبریتانیا لەسای ڤایرۆشی کۆرۆنا یاریگاکان کپ و کڕ دەبن و یاریزانان بە بێ ھاندەر کێبەرکێکانیان ئەنجام دەدەن.
بریتانیا پلانی دەستپێکردنەوەی چالاکییە وەرزشییەکانی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش لە هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدەن، میدیاکانی ئەو ولاتەش دەڵێن، حکومەت ڕازی بووە خولەکە بەبێ هاندەر دەستپێبکاتەوە.
تۆڕی میدیایی بی بی سی بریتانی وای بڵاو کردووەتەوە کە، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئاگاداری کۆبونەوە و بڕیارەکانی بەرپرسانی بواری وەرزشەو لە ئێستادا هەوڵ دەدرێت کە بە زووترین کات یارییەکانی تۆپی پێ دەستپێبکەنەوە.
بی بی سی ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەرپرسانى حکومەتی بەریتانیا ڕەزامەندن بەوەی کە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا یارییەکان بەبێ هاندەر بەڕێوە بچن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە نزیکەی دوو مانگە سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکان لە سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا و جیهان پەکیان کەوتووەوە و لەم دواییانەش دا، خولی هۆڵەندا وەک یەکەمین خولی ناوخۆیی ئەوروپی، هەڵوەشایەوە و چارەنوسی خولەکانی دیکەش تائێستا دیار نییە.